کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ ئازادی نابێ چاوەڕوانی ڕۆژاوا بین!

23:27 - 30 پووشپەڕ 2722

شەماڵ تەرغیبی

نوێنەرانی پارلمانی بێلژیک شەوی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی پووشپەڕ، گەڵاڵەی گۆڕینەوەی زیندانییەکانیان لەگەڵ ئێران پەسند کرد؛ کردارێک کە دەستی کۆماری ئیسلامی بۆ ئازادکردنی دیپلۆمات – تێرۆریستی ئێرانی دەسبەسەرکراو لە بێلژیک واتە ئەسەدوڵا ئەسەدی کراوە دەهێڵێتەوە و هەنگاوێک ناوبراو لە گەڕانەوە بۆ ئێران و ڕاخستنی فەرشی سوور بۆی، نیزیک دەکاتەوە.

دوایین هەواڵەکان لەمبارەوە دەریان خستووە کە پارلمانی بێلژیک پاش دوو ڕۆژ تاوتوێکردن ئەم گەڵاڵەیان بە ٧٩ دەنگی ئەرێنی لە بەرامبەر ٤١ دەنگی نەرێنی پەسند کرد و بەمشێوەیە پارلمانی بێلژیک بێ لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییەکانی کۆمەڵگای جیهانی و ڕێکخراو و کەسایەتییەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ بەشێوەی ناڕاستەوخۆ پشتگیری خۆی بۆ تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی دەربڕی!

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە تەنیا چەند ڕۆژ پاش هەواڵی دڵخۆشکەری مەحکوومکردنی حەمید نووری لەلایەن دادگایەکی سوید هاتە ئاراوە کە تێیدا دیپلۆمات – تێرۆریستی ئێرانی لە حوکمێکی ٣٩٨ لاپەڕەیی بە زیندانی هەتاهەتایی و دانی جەریمە بە سکاڵاکەرانی حوکم درا.

ئەوەیکە ئێمە لەم کەتوارەدا دەمانهەوێ بپڕژێینە سەری نەک لێکدانەوەی هۆکارەکانی ئەم بڕیارەی بێلژیک یان دەرەنجامەکانی، بەڵکوو وەبیرهێنانەوەی کەتوارێکە کە لەسەر شانی خەڵکانی ئێرانە بۆ دەربازبوون لەو نەهامەتییانەی کە لە سێبەری زاڵبوونی کۆماری ئیسلامی تووشی هاتوون.

ڕەنگە دوور لە ڕاستی نەبێ ئەگەر بڵێین یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی ئازادیخوازان لە ئێران و پاژنەی ئاشیلی کۆماری ئیسلامیش بۆ مانەوە لەسەر حوکم بریتی بووە لەوەیکە زۆرینەیەک لە خەڵک چاوەڕوانی هاتنی ڕزگاریدەرێکن بۆ ڕزگارکردنیان لە دەستی داگیرکەران؛ لە ماوەکانی ڕابردووشدا کە پرسی دادگایی کردنی حەمید نووری و پەسندکردنی گەڵاڵەی ڕادەستکردنەوەی تێرۆریستان لەلایەن بێلژیکەوە بە ئێران گەرموگوڕ بوو و زۆر کەس پەیجووری هەواڵە پێوەندیدارەکانیان دەکرد ئەم کەتوارە تاڵە دیسانەوە سەلمایەوە کە ئەوەندەی هەوڵی ئازادیخوازان بۆ تکاکاری لە ڕۆژاواییەکان بەهێزە ئەوەندە هەوڵەکان بۆ دیتنەوەی ڕاستی و کەتوارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئێران و تێگەیاندنی خەڵک بەهێز نییە؛ بە دیوێکی تریدا ئەوەندەی چالاکانی سیاسی لە هەوڵدان تاکوو لایەنە ڕۆژاواییەکان بە قەناعەت بگەیەنن تاکوو پشتگیری لە دەوڵەت و حکومەتێکی تێرۆریستپەروەری وەک کۆماری ئیسلامی نەکەن ئەوەندە لە هەوڵدا نین تاکوو خەڵکانی ئێران بهێننە سەر ئەو باوەڕەی کە تەنیا ڕێگای ڕزگاربوونیان ئیرادەی خۆیانە نەک چاولەدەستبوونی ڕۆژاواییەکان!

پڕئاشکرایە کە دەرگای دەربازبوون لە نەهامەتییە داسەپاوەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە نە دادگاکانی ئورووپایە و نە ناوەندەکانی بڕیار لە ئامریکا بەڵکوو ئەوانە تەنیا دەتوانن ڕۆڵی هاندەرانەیان هەبێ بۆ بەرەپێشچوونی ڕەوتی دێموکراتیزاسیۆن و ئازادیخوازی لە ئێراندا و خاڵی سەرەکی یان ناوەندی سەرەکی بۆ دانی بڕیار یان باشترە بڵێین فاکتەری سەرەکی بۆ ئاڵوگۆڕی دڵخواز لە ئێران لەمەڕ بنبڕکردنی ستەم لە ئێراندا، شەقامەکانی ئێران یان بە واتایەکی تر خەڵکانی ئێرانن.

ئەوەیکە لە دنیای سیاسەتدا پێڕەوی لێ دەکرێت و وەک کۆڵەکەیەک لە سیاسەتداڕێژیدا چاوی لێ دەکرێ لەڕاستیدا پرسی بەرژەوەندییە؛ واتە هەر لایەنێکی سیاسی یان هەر وڵاتێک بەگوێرەی قازانج و بەرژەوەندییەکانی خۆی سیاسەتە ورد و کەڵانەکانی دادەڕێژێ و تێچووی بۆ دەدا؛ لەسەر ئەم بنەما دەبێ پێمل بەو ڕاستییە بین کە وڵاتانی وەک بێلژیک لە سەرەتیی سیاسەتەکانیاندا بەرژەوەندی وڵاتەکەی خۆیان بۆ گرینگە نەک ویستی ئازادیخوازانی ئێران یان داواکاری ڕێکخراوە جیهانییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و پرسی مافی مرۆڤ یان دادپەروەری دەبێتە سەرەتی دووهەم و سێهەم بۆیان؛ بۆیە دەبێ تەنانەت چاوەڕێی ئەوەش بین کە ئەگەر ئەمڕۆ لە سوید حەمید نووری بە حوکمێکی وەها قورس مەحکووم دەکرێ هیچ بە دوور نەزانرێ کە پاش چەند ساڵی تر و لە چوارچێوەی هەندێ ڕێککەوتننامە و هەندێ بەرژەوەندی، هەمان حەمید نووری ڕادەستی تاران بکرێتەوە و هاوشێوەی تێرۆریستانی میکۆنۆس لە تاران فەرشی سووریان بۆ ڕاخرێ.

کەواتە نابێ هیچکات خەباتکارانی ڕاستەقینە ئەو کەتوارە لەبیر بکەن کە تەنیا ڕێگای گەیشتنیان بە ئازادی و هێنانەدی ئیدیالەکانیان ئیرادەی خەڵکانی نیشتەجێ لەو جوغڕافیایە کە بە ئێران دەناسرێ نەک بڕیار و قەرارێک کە لە فڵانە ناوەندی قەزایی ئورووپایی یان فڵانە پارلمانی ڕۆژاوایی دەدرێ.