تێکۆشەرانی دێموکرات لە گوندی "دزڵی" سەر بە شاری مەریوان، بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ئاڵایەکی گەورەیان لەسەر چیاکان هەڵ کرد. ئەو ئاڵایە ئەوەندە گەورەیە کە لە ڕێگای سنە بۆ مەریوان و لە گوندەکانی دەوروبەریەوە دیارە.
هەروەها لاوانی شۆڕشگێڕ پەیامێكیان بەم بۆنەوە بڵاو کردووەتەوە کە دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
خەڵکی بەشەرەفی کوردستان!
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
لە هەورامانی هەناسەی کوردستانەوە سڵاوتان لێ بێت.
١٠ی خاکەلێوەی هەموو ساڵێک کە لە فەرهەنگی سیاسیی ئێمەدا بە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ناودێر کراوە وەبیرمان دەهێنێتەوە کە لە چ دۆخێکدا دەژین و چ مێژوویەکی خوێناویمان تێپەڕ کردووە لە پێناوی سەروەری و خۆبەدەستەوەنەدانەوە. ١٠ی خاکەلێوە وێستگەیەکە بۆ تێڕامان لە دۆخی خۆمان و چۆنیەتیی هەنگاونانمان بەرەو داهاتوو.
ڕێژیمی دیکاتۆری پاشایەتی و شۆڤێنیزمی ئێرانی وایان دەزانی کە بە لەسێدارەدانی پێشەوای سەرکۆماری کوردستان دەتوانن بۆ هەتاهەتایە جووڵانەوەی نەتەوەیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرکۆت بکەن، بەڵام تێنەگەیشتن ئەوەی لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاویدا هاتە دی تەنیا ڕووداوێکی ئاسایی نەبوو کە بە سێدارەیەک هەموو شتێک کۆتایی پێ بێت؛ بەڵکوو قۆتابخانەیەکی فیکری بوو کە ئەمپەڕوئەوپەڕی ئەو قوتابخانەیە بریتییە لە: "کوردستانی بیرکردنەوە". قوتابخانەیەک کە شەهیدان و لە سەرووی هەموویانەوە پێشەوا قازی محەممەد داینامۆی سەرەکیی ئەم قوتابخانەیەن.
لە ٧٤ ساڵی ڕابردوو پاش لەسێدارەدانی قازی، داگیرکەرانی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ویستوویانە ئەم قوتابخانە سڕ بکەن و لەبەینی ببن. کوشتن، ئەشکەنجە و گوشار و زیندانیکردن تەنیا بەشێکی بچووک بووە لەم سیاسەتە نگریسەی ڕێژیمی پاشایەتی و هەروەها کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەم ڕێژیمانە هەموو شێوازێکیان بۆ سەرکوتی خەڵکی کورد تاقی کردووەتەوە، بەڵام ئەوەی لەگەڵی بەرەوڕوو بوونەتەوە پەرەسەندنی بیری نەتەوایەتی لە هەموو ناوچەکانی کوردستان بووە. هەر بۆیە لە ساڵانی ڕابردوو بۆ بەرپەڕچدانەوەی بیری نەتەوەیی کورد؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران بیری لە بژاردەی تر یان سیاسەتێکی تر کردووەتەوە، واتە بۆ هەر ناوچەیەکی کوردستان سیاسەت و ستراتیژیی نوێی هەڵبژاردووە کە ئاکامەکەی دروستکردنی قەیرانی شوناس بۆ خەڵک و دروستکردنی شەڕ و ئاژاوە لەنێوان پێکهاتە زمانییەکانی کوردستانە. ناوچەی هەورامانیش لەم سیاسەتە بێبەری نەبووە و بە شێوەیەکی سیستماتیک خەریکن سیاسەتەکانی خۆیان لەم بەشەی کوردستان پیادە دەکەن. ستراتیژیی ئەوان دابڕانی خەڵکی ناوچەی هەورامان لە کوردستان و لە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستانە. بۆ ئەم مەبەستە تاکتیکی جیاوازیان بەکار هێناوە و هەر جارێک بە شێوازێک خەریکی ئەم کارەن، بەڵام ئامانج هەر یەک شته، دابڕانی هەورامان لە کوردستان و دروستکردنی قەیرانی شوناس بۆ خەڵکی ئەم دەڤەرە. خاڵی جێی سەرنج بەڵام ئەوەیە کە کاتێک زیاتر سەرنجی ئەم سیاسەتە دەدەیت و لایەنی جۆراوجۆرەکانی لێک دەدەیتەوە، چاوت بە جێ پێی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و شۆڤێنیزمی ئێرانی دەکەوێت کە زۆر بە هێمنی لە پشتەوەی ئەم سیاسەتانەن.
وەکوو بەشێک لە چالاکوانانی ناوچەی هەورامان بە پێوستمان زانی لە ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ کە ٧٤ ساڵ بەسەر شەهیدبوونی پێشەوا قازی تێپەڕ دەبێت، پەیمانی خۆمان لەگەڵ ڕێبازی پێشەوا و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان نوێ بکەینەوە و چەند خاڵێک بۆ بەرچاوڕوونیی خەڵکی کوردستان باس بکەین:
ـ ئێمە دەیان و سەدان ساڵە شوناسی نەتەوەیی، فەرهەنگی و کولتووریی خۆمان وەرگرتووە، خۆمان بە کۆڵەکەی سەرەکی و میراتگێڕی فەرهەنگ و کەلەپووری کوردستان دەزانین. وێڕای ئەمە پێمان وایە بۆ دۆزینەوەی ئاسەواری شارستانییەت و مێژووی شکۆداری نەتەوەکەمان دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ناوچەی هەورامان و لە هەورامانەوە کوردبوون بونیات بنێین.
ـ پێمان وایە کوردبوون وێڕای باری سیاسی و نەتەوەییەکەی جۆرە ژیانێکە، جیهانبینی و فەلەسەفەیە کە لەم جیهانبینییە هەورامان نەتەنیا جیا نییە بەڵکوو بە چەقی ئەم جیهانبینییەی دەزانین.
ـ لە باری سیاسی و شۆڕشگێڕییەوە بوونی دەیان و سەدان شەهیدی سوورخەڵات لە مەتەرێزی کوردایەتییەوە سەلمێنەری واقعییەتی هەورامانن کە لەم بوارەدا هیچ شتێک نەیتوانیوە پێش بە شۆڕشگێڕانی کورد لە ناوچەی هەورامان بگرێت، تەنانەت سنوورە دەستکردەکان. مێژوو شاهیدە چۆن مەحموودخانی دزڵی سنووری دەستکردی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی بڕی و بۆ بەرگری لە خاکی کورد و شۆڕشی شێخ مەحموودی نەمر خۆی و سپاکەی لەگەڵ سپای بریتانیا شەڕێکی قارەمانانەی کرد کە ئێستایشی لەگەڵ بێت جێی شانازیی خەڵکی دەڤەری هەورامان و هەموو کوردستانە. لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە و دەسپێکردنی خەباتی چەکداریی کوردستان لە دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەوە دیسان خەڵکی ناوچەی هەورامان شێلگێرانەتر لە هەموو کاتێکی تر هاتنە مەیدانی شۆڕش و ئەرکی نەتەوەیی خۆیان بەجێ گەیاند.
ـ خەڵکی هەورامان خەباتگێڕان و دڵسۆزانی نەتەوەکەی بە باشی دەناسێت و دەزانێت کێ لە سەنگەری خەڵکدایە و کێ لە سەنگەری دوژمنانی ئێمەدایە و پۆپۆلیستانە خەریکی چەواشەکاری و شێواندنی مێژووی نەتەوەکەمانە.
هاوڕێیان لە ٧٤ ساڵەی شەهیدبوونی پێشەوادا ٧٤ ساڵیش بەسەر داگرتنی ئاڵای کوردستان لە چوارچرادا تێپەڕ دەبێت، بەڵام ئێمە پاش ئەو هەموو ساڵە لە هەورامانی مەتەرێزی کوردایەتی، لە هەورامانی دڵی کوردستان ئەو ئاڵایە دووبارە لەسەر شاخە سەرکەشەکانی کوردسەتاندا هەڵ دەکەین و پەیمانی وەفا لەگەڵ ڕێبازی پێشەوا نوێ دەکەینەوە. پیامی ئێمە بۆ کۆماری ئیسلامی و ئەوانەی بوونەتە گۆپاڵبەدەستی ناسیۆنالیزمی ئێرانی ئەوەیە کە "لە هەورامانی هەناسەی کوردستانەوە هەتا ماوین وەفادارین بە ڕێبازی پێشەوا قازی".