کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ دکتۆر قاسملوو ....

14:48 - 18 پووشپەڕ 2712

1513.jpg


کەژاڵ نەقشبەندی

ئەڵین ...
کاتێ دەمرێ ئەڤینێ
باڵی دەشکێ پەپوولە
مۆمێک خامۆش دەبێ
...و ...
گوڵ هەڵئەوەرێ
کە زەجر ئەکێشی دایکێ
دەگری فریشتە و ...
هەتاو بزر ئەبێ
کە دەگری هەتیوێ
عەرشی قورش دەلەرزێ
کاتێ شەهید دەبێ گەورە پیاوێ
خامۆش دەبێ ئەستێرە و ..
کێو مل کەچ دەبێ
بەڵام گەورەم
کاتێ شەهید بووی تۆ
خامۆش بوو ئەستێرە و کات و
مانگ مانی گرت و ...
خۆر هەڵنەهات
سەریان داخست کێوەکان و ...
فریشتە و ئاسمان بۆت گریان
کاتی تۆ شەهید بووی
پەپوولەکان شکا باڵیان
گوڵەکان هەڵوەرین و .....
پرسەی گرت باخی ئەرخەوان
دار بەڕوەکان جێ پێتیان کردە مەدالیا ... و ...
کردیانە ملی چوار ڕێی لووتکەکان
بەڵام ئەڤینی دڵی پێشمەرگە پتر بوو
کاتێ درایە بەر گوللە
سنگی پڕ هیوات
کاتێ خوینی ئاڵت سووری کرد
بەرگی ئاشتی لە سەرتاپات
ئەڤینی نێو سەنگەر بەخشەندەتر بوو
گەورەم ...
کاتێ لێکت نا چاوانی پڕ شەوقی دیتنی وڵاتت،
ئەڤینی نیشتمان سنووری بەزاند
کاتێ دڵۆپ دڵۆپ رژایە کۆشت ئامانج
کاتێ خەندەی ئاشتی
لە سەر لێوت بزر بوو و نەما
کاتێ گەردنی بەرزت
کەوتە سەر شانت و پشووی دا
ئەڤینی ئاشتی بەڵێنی درێژەدانی رێگاتی دا
گەورەم ....
کاتێ دڵت لە لێدان وەستا
هەمیشە زیندوویی و نەمریت
لە مێژوو تۆمار کرا
تۆی چرای پڕ شەوق لە شەوەزەنگی مێژووی بێسامان
تۆی شۆڕەسواری ئەڤین و ئاشتی کوردستان
ئێمە رۆڵەکانی دێمۆکرات هەرگیز ونی ناکەین رێگات.

23هه‌مين ساڵیادی تیرۆری دوکتور قاسملوو