کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ شەشەمین جار گووگڵ کاناڵی یووتیووبی "پرێس تی ڤیـ"ـی ڕێژیمی ئێرانی داخست

11:16 - 31 خەرمانان 2720

"پرێس تی ڤی" کاناڵی ئینگلیزیی ڕێژیمی ئێران، بۆ شەشەمین جار لەلایەن شیرکەتی ئامریکایی گووگڵەوە بەهۆی پێشێلکردنی "یاسای هەناردە"وە داخرا.

"گووگڵ" ڕایگەیاندووە: "ئێکاونتی پرێس تیڤی ناچالاک کراوە و ناتوانێت دووبارە وەشانی خۆی دەست پێ بکاتەوە، چونکە یاسای هەناردەی پێشێل کردووە".

شیرکەتی گووگڵ لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین هەوڵ و دژایەتیی خۆی بەنیسبەت ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیمی ئێران وەک "پرێس تی ڤی، هیسپان تی ڤی، ئەلعالەم" و ڕادیۆ و تێلێڤزیۆنەکانی دیکەی نیشان داوە و ئەوانی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داخستووە.

بەپێی یاسا و ڕێسای هەناردەی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئامریکا، بەکارهێنان و دەستپێڕاگەیشتن بە زانیارییە کۆنترۆڵکراوەکان بە هۆکاری ئەمنییەتی، نەتەوەیی یان پارێزگاریکردن لە بازرگانیی ئەو وڵاتە قەدەغە کراوە و کاناڵ و ماڵپەڕەکانی ڕێژیمی ئێران چەندین جار ئەو یاسایانەیان پێشێل کردووە.