کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ ناڕەزایەتی بە ئەگەری بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدامی حەیدەر قوربانی تووفانی تویتێری وەڕێخرا

13:29 - 7 خەرمانان 2721

زۆرێک لە بەکارهێنەرانی چالاک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، ڕۆژی شەممە ٦ی خەرمانان، بە وەڕێخستنی تووفانی تویتێری داوایان کرد حوکمی ئێعدامی ''حەیدەر قوربانی'' زیندانیی سیاسیی کورد جێبەجێ نەکرێت.

پارێزەر و نزیکانی ''حەیدەر قوربانی'' باس لەوە دەکەن کە حوکمی ئێعدامی ناوبراو ئەگەری هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا بەڕێوە بچێت، بەڵام کاتی بەڕێوەچوونی ئەو حوکمە هەتا ئێستا بە بنەماڵەکەی ڕانەگەیەندراوە.

هەروەها سەدان هاووڵاتیی خەڵکی کامیاران بە واژۆکردنی نامەیەک ڕوو لە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی، زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدامی بەندکراو لە زیندانی سنە بوونە.

"حەیدەر قوربانی"، کۆتاییەکانی مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٥ دەسبەسەر کرا و هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران ناوبراویان بە هاوکاری لە "تێرۆری" چەند کەس لە دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیم تۆمەتبار کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژی ٩٩، حوکمی لەسێدارەدانی "حەیدەر قوربانی"، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی سنە، لەلایەن لقی ٢٧ی دیوانی باڵای وڵات لە قوم پشتڕاست کرایەوە.