کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ پێشگرتن لە لەنێوچوونی دارستانەکانی ئیلام، زیاتر لە ٥٠ میلیارد تمەن پێویستە

13:03 - 6 بەفرانبار 2720

"حوجەتوڵڵا فەتحی" یەکێک لە کاربەدەستانی ڕێژیم لە ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی ئیلام وتوویەتی: "بۆ ژیاندنەوە و پەرەپێدانی دارستانەکان لە ئیلام پێویستیمان بە زیاتر لە ٥٠ میلیارد تمەنە".

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم وتوویەتی، دارستانەکانی ئیلام تووشی مێمڵی و وشکبوون بوونە و بۆ ئەوەیکە پێش بە لەنێوچوونیان بگیردرێت پێویستە بودجەی بۆ تەرخان بکرێت.

دیاردەی وشکبوونی دارستانەکانی ئیلام لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو دەستی پێکردووە و ئەمەش خەسارێکی زۆر و قەرەبوونەکراوی بە ژینگەی ئیلام و زاگرۆس گەیاندووە.

لە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی ڕەوتی وشکبوونی دارستانەکانی ئیلام دەستی پێکردووە و هیچ هەوڵێکی جیددی بۆ پێشگرتن لە وشکبوونی دارستانەکان نەگیراوەتە بەر.

دارستانەکانی "داڵاو، کەبیر کوو، بانکۆڵ، ئەرخەوان و سیا پیر" زیاترین خەساریان پێگەیشتووە.

هەنووکە ٢٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی زاگرۆس لە ئیلام تووشی وشکبوون بوونە کە ئەوەش بە دابینکردنی بودجە قەرەبوو ناکرێتەوە.

نزیکەی ٨٧ لەسەدی ڕووبەری پارێزگای ئیلام سەرچاوەی سروشتییە کە ٦٤٠ هەزار هێکتاری لە دارستان داپۆشراوە.