کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ پەرەپێدان بە پێوەندیی نێوان کوردستان و فینلاند گرووپێک لە پارلمانی ئەو وڵاتە دامەزرا

11:55 - 3 رەزبەر 2720

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانان گرووپێکی ١٦ کەسی لە پارلمانتارەکانی پارلمانی فینلاند گرووپی دۆستایەتیی نێوان کوردەکان ‌و پارلمانتارانی "فینلاند"یان ڕاگەیاندووە.

ئەندامانی گرووپی دۆستایەتیی "کورد و فینلاند"ییەکان لە ١٦ ئەندام لە حیزبە جیاوازەکانی بەشدار لە پارلماندا پێک هاتووە.

ئامانجی ئەم گرووپە ڕاگرتن‌ و پەرەدان بە پێوەندیی نێوان نەتەوەی کورد و پارلمانتارانە لە وڵاتی فینلاند و کۆکردنەوەی زانیاری لە سەر بارودۆخی کوردەکان. ‌

جیاو لەوەش، ئامانجێکی دیکەیان کۆکردنەوەی زانیاریی زیاتر لە سەر مێژووی نەتەوەی کوردە.

"یۆهان کڤارنسترۆم" (Johan Kvarnström) کە ئەندامی حیزبی سۆسیال دێموکراتە و سەرۆکایەتیی گرووپەکە دەکا، وتوویەتی: "بە خۆشحاڵیەوە لە کۆتاییدا گرووپی دۆستایەتی لەگەڵ نەتەوەی کورد لە فینلاندیش دامەزرا."

 هەروەها وتوویەتی: "ئەوی زیاتر جێگای دڵخۆشییە، ئەوەیە پارلمانتارانی حیزبە جیاوازەکانی فینلاند لەم مەسەلەیە هاوڕابوون."

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە "کورد، نەتەوەیەکی گەورەیە، بەڵام دەوڵەتی نییە. ئەو نەتەوەیە بە درێژایی مێژوو بە توندترین شێوە هەڵسوکەوت ‌و زوڵمیان لێ کراوە. بۆیە ئێمە پێویستمان بە هاوکاریی زیاترو پێوەندییەکی باشتر هەیە."

ناوبرا لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە "گرووپەکەیان دەرگایان بۆ میوانەکان ئاوەڵایە." هەروەها دەڵێ: "گرووپەکەمان گرینگی بە پرسەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ دەدا."

یەکێکی دیکە لە ئەندامانی دامەزرێنەری گرووپی دۆستایەتیی کورد و فینلاندییەکان بە ناوی

 "Saara-Sofia sire" کە پارلمانتاری پارتی "کۆکۆمووس"و هاوکات جێگری سەرۆکی ئەم گرووپەشە، ڕایگەیاندووە: "خۆشحاڵم کە بە درێژایی ئەم ساڵانە لەگەڵ کۆمەڵگای کوردی لە فینلاند کە لە گەشەکردن دایە، هاوکاریم کردووە و ئێستاش هەستێکی خۆشترە کە من لە ڕێگای ئەم گرووپەوە دەتوانم زیاتر لەگەڵ کوردەکان ئاشنا ببم."