کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ چوارەمین جار هێرش کرایە سەر میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران

10:57 - 20 رەزبەر 2721

ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤی سووریە بڵاوی کردووەتەوە کە بنکە و مەقەڕەکانی میلیشاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە شاری "ئەبووکەماڵ" لەلایەن دڕۆنی نەناسراوەوە کراونەتە ئامانج.

هاوکات چەندین تەقینەوەی بەهێز لەو شارە ڕووی داوە کە شوێنی میلیشاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بووە.

لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار هێرش کراوەتە سەر میلیشاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کە چەندین کەس کوژراون و زیاتر لە ١٠ کەس بریندار بوونە.

 پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە گرووپە تێرۆریستییەکان و هەروەها دەستێوەردان له کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، نیگەرانیی بەرپرسانی ئەو وڵاتانەی لێ کەوتووەتەوە.

ئیسرائیل یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بوونی ڕێژیمی ئێران و گرووپە میلیشیا تێرۆریستییەکانی سەر بەو ڕێژیمە لە خاکی سووریە، بە هەڕەشەی جیددی بۆ سەر وڵاتەکەی دەزانێت و بەردەوام بنکە و بارەگاکانی ئەو هێزانەی کردووەتە ئامانجی هێرشەکانی خۆی و زیانێکی زۆری ماڵی و گیانییان بە ڕێژیمی ئێران گەیاندووە.