کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ چەندەمین جار لە چەندین شاری ئێراندا کامیۆنداران دەستیان دایە مانگرتن

13:00 - 4 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لە شارەکانی مەشهەد، ئیسفەهان، یەزد و ئەهواز، شۆفێر کامیۆنەکان بە هۆی گرینگی‌نەدانی ڕێژیم بە داواکارییەکانیان، بۆ جارێکی دیکە دەستیان دایە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین.

یەک مانگ لەمەوپێش و لە ئاکامی مانگرتنی شۆفێر کامیۆنەکان، جێگری وەزیری ڕێگاوبان بەڵێنی جێبەجێ کردنی گەڵاڵەی بیمەی تەواوی بۆ ٩٠٠ هەزار شۆفێر کامیۆنی بەشی گواستنەوە دابوو، کە تاکوو ئێستا جێ بەجێ نەکراوە.

هەروەها شۆفێر کامیۆنەکان باس لەوە دەکەن کە لەبەرانبەر گرانیی و زۆربوونی تێچووی ژیان و بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی لاستیک و کەرەستەی ماشین، کرێ بارەکان زۆر کەمە و ناتوانێ بژیوی ژیانیان دابین بکات.

بەهۆی داخرانی کۆمپانیاکان و کەم‌بوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، بەشێکی بەرچاو لە کامیۆنەکان بێکار بوون.

محەممەدخان بلوکی بەرپرسی ئەنجومەنی سەرانسەری شۆفێران، بە هەواڵدەری مێهری ڕاگەیاندووە، کە لەگەڵ چوونەسەری نرخی دۆلار، نرخی کامیۆنەکانیش بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر چووەتە سەر و زۆرێک لە شۆفێرەکان توانای کڕینی کامیۆنیان نییە.

واوێدەچێ کە ڕێژیم هیچ جۆرە پلان و بەرنامەیەکی بۆ چارەسەری کێشە کەڵەکەبووەکان پێ نییە و هیچ بایەخێکیش بۆ داواکاری خەڵک دانانێت، بەو پێیە ژیان و داهاتووی چین و توێژەکانی خەڵکی ئێران بە هۆی نەشیاوی و ناکارامەیی کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە لە مەترسیدایە.