کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ کۆنگرەی ١٦ی حدکا! - بەشی دووهەم

20:52 - 26 خەزەڵوەر 2716

محمد سلێمانی

حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بەگوێرەی چاوەڕوانی ئەندامانی ئاشکرا و نهێنی خۆی، بایخی بەسەرنج و بیروڕای سیاسی و تەشکیلاتی پێك هاتەی ڕێکخراوەی خۆی سەبارەت بە مەسەلە هەنوکەیەکانی تێکۆشانی سیاسی و خەباتی بەرفراوانی جەماوەری نەداوە و زۆر جار ئەو خاڵە وەك باسێکی سەرنج ڕاکێشی نێو کۆنفڕانس و سیمینارەکان دەرکەوتووە و کراوە بە خاڵێك لە کۆی بڕیارە و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوە تەشکیلاتیەکان. تەشکیلاتی حیزب لە رووی جەوهەری و وشیاری سیاسی و تەشکیلاتیەوە لە ئاستێکی ئەوتۆدایە کە ڕێبەری لەسەرمەسەلە ئەساسی و بنەڕەتیەکان پاش ڕاوێژپێکردنی، سەرنج و بیروڕای لەسەر بابەتە سیاسی و نێوخۆیەکان بە هێند وەربگرێ و هەرلەوکاتەشدا بیانکات بەهاوبەش لە بڕیاردنی سیاسیدا.

حیزب وەك پێویست بەرنامەی کەڵك لێوەرگرتن و هێنانە مەیدانی تەشکیلاتی ئاشکرای خۆینیە، مەبەستەکەمان لێرەدا زۆرتر ئەو تەشکیلاتە دەگرێتەوە کە وەك پێشمەرگە لە خزمەت حیزبدانین.

لە دەرەوەی وڵاتیش هێزێکی هەتابڵێی بەئەزموون و پێگەیشتووی هەیە و بەشێکیشیان لە سیمادیار و کادر و فەرمەندە و پێشمەرگەی خۆشناو ناسراوی شارو ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستانن کە ، ئەندامی حیزبین و هەموویان دارای ڕابردووی چەندین ساڵەی خەبات و تێکۆشانیان لە نێو حیزبدا هەبووە و، لە کاتی چالاکیە سیاسی و تەشکیلاتی و نیزامیەکانی حدکا دا رۆڵی زۆر گەورەیان بینیوە. دیارە چالاكکردنەوەی ئەو هێزە بەرین و کاریگەرە، بەدڵنیایەوە شوێنی زۆر گەورەی لە سەر جمووجۆڵە سیاسی و تەشکیلاتیەکانی حیزب دەبێت و خەڵکی کوردستانیش چاوەڕوانی ئەو هەنگاون لە حیزبەکەیان. حیزب دەبێت بەرنامەی پەروەردەکردنی کادری سیاسی هەبێ و بەگوێرەی ئیمکانی خۆی کارلە سەر ئاستی وشیاری و پێگەیاندنی کادرەکانی بکا. کاتێك کادر و فەرمەندەیەکی سیاسی و بەرچاو روون لە نێوخەڵكدا حزوری هەیە، بێگومان شوێنی بەرچاوی لەسەر وشیارکردنەوە و ڕێکخستنی خەڵكدا دەبێ . گەشەکردنی نفوزی سیاسی وتەشکیلاتی حیزب بەندە بە ئاستی وشیاری ئەو پێك هاتەی کە وەك ئاڵقەی پەیوەندی ڕەوانەی نێو خەڵکی کوردستان دەکرێتەوە. چوونکی ئەگەر بەراوردێك سەبارەت بە ڕابردوو و ئێستای خەڵكی کوردستان لە رووی پێگەیشتووی بکەین، ئەو کات باشتر ئاستی وشیاری سیاسی و نەتەوەی کۆمەڵانی هەروای خەڵکی کوردستانمان بۆ دەردەکەوێت و لە گرینگی ئەو مەبەستە باشتر تێدەگەین. کەوابوو کۆنگرە دەبێت ئەو خاڵەیش زۆر بە سەرنجەوە لێکبداتەوە و بەرنامەی بۆ دابنێ.

لەسەر ئاستی پەیوەندییە سیاسی و دیپڵۆماسیەکانی حیزبیدا، دەکرێت ئەو بەشەی حیزب کارو چالاك تر بکرێ. حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ڕابردوودا سەرچاوەیەکی پتەو بەهێزی دامەزراندنی پەیوەندی سیاسی و دیپڵۆماسی لە گەڵ وڵاتان و دۆستە خاریجیەکانی داهەبووە و، زۆر کەسایەتی بەرزو نێونەتەوەی بە ڕێگای تێکۆشانی دیپڵۆماسی سیاسی حیزبیدا، بوونەتە دۆست و پشتیوانی خەباتی رزگاریخوازی کورد.

بەڵام ئێستا لەو بارەوە ئەو بەشە حیزب زۆری لە کزیداوە و پێویستە بە هەموولایەك چالاك تر بکرێتەوە و کۆنگرە بەبایخەوە ئەو بابەتە تاوتوێ بکاتەوە.

حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دەبێت هی هەموو لایەك بێت و هەرهەمووشمان لە نێویدا هەست بەنوونیخۆمان بکەین و، خۆمان بەغەریبەی تەشکیلاتی ئەژمارنەکەین، بەداخەوە ئەو مەسەلەیە تاڕادەیەك خەریکە وەك کولتورێکی ناشیاو لە نێو ڕیزەکانی حیزبدا سەرهەڵدەدات. پەراوێزخستن و لادانی سیما دیارەکان لە ڕیزەکانی حیزبیدا،زیانی زۆر بەخەباتی حیزب و بزووتنەوەی سیاسی کورد دەگەیەنێت وناوچە گەرایی و خزمخزمێنی کردن لە نێو حدکادا بەشتێکی ناڕاست و و پاشکەوتوو سەیردەکرێ و پێوەر بۆ پێدان و وەرگرتنی بەرپرسایەتی لە مێژووی حیزبدا، لێهاتووی سیاسی و تەشکیلاتیبووە.

دیارە بەهۆی بارودۆخی خەباتی حیزب ئەو ئەسڵەش لەبەرچاو دەگیرا کە کێ توانای تێکۆشانی ڕاستەوخۆی لە قوڵایی خاکی کوردستاندا هەیە.

کەس ناڵێت باڕێبەری هەمووی بگەڕێتەوە بۆ نێوخۆی کوردستان، بەڵام لە ڕابردوودا ئەوە نەرێتی سیاسی و خەباتگێڕی پێك هاتەی ڕێبەری حیزب بووە، کە پێیەکیان لە سەرسنوور بوو ئەوەی دیکەیان لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستاندابووە. بەشەخسەنەکردنی حیزب دوورە لە بنەمای سیاسی و تەشکیلاتیەکانی حدکا و لە ئێستادا پێکەوەکارکردن و بەهێزکردنەوەی کاروچالاکیەکانی ئەو حیزبە، ئەرکی هەموو لایەکە و ناکرێت بۆ مەبەست و مەڕامی تایبەتی پێوەری پێچەوانەی ئەو کردارانە لە نێو تەشکیلاتی دێمۆکراتدا پەیڕەوبکرێ. ئورگانە حیزبیەکان بەگوێرەی پێك هاتەکەیان دەسەڵاتیان پێبدرێ و لانیکەم بۆ ڕێکخراوەیەکی پێشکەوتوو و دێمۆکڕاتی وەك حدکا شیاونیە و بەدەرە لە کولتوری حیزب کە بێت و دەسەڵات و سەڵاحییەتەکان لە چەند شوێنێكدا کۆبکرێنەوە و بڕیارەسیاسی و تەشکیلاتیەکان لە لایەن چەند کەسی تایبەتیەوە دەربکرێن. درێژەدان بەو جۆرە لە میکانیزمەکانی کارکردن زیانی زۆر بەحیزب و جووڵانەوەی سیاسی دەگەیەنێت، ئەگەر بێت و ئۆرگانێك یان ژمارەیەكی زۆر لە ئۆرگانە حیزبیەکان دەسەڵات و سەڵاحییەتی زۆر بەرتەسك بکرێتەوە لە بەڕێوەبردنی کاری حیزبیدا.

بەومانایە کە داهێنان و خەلاقیەت و مودیریەت زیانی گەورەی لە ئیدارەکانی حدکادا پێدەگات. بۆ بەڕێوەبردن و ئیدارەکانی حیزب هەرگیز ناکرێت لە بنەما و هزری دکتۆر قاسملوو دەربکەوینەوە.

بەستنی کۆنگرە لەڕاستیدا بۆ مەبەستی هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەیە بە کۆی بابەت و پرسە گەرم و هەستیارەکانی رەوتی تێکۆسانی سیاسی و تەشکیلاتی و چەکداری حیزب. ئەو مەسەلانیش کە لە کاراترکردنەوەی جمووجۆڵی خەباتی نوێی حیزبیدا گرینگیان هەیە، پێویستە کۆنگرە بە دەرون و روحێکی نوێ ترەوە سەرنجیان بخاتەسەر.

بڕیاردان لەسەر دەستپێکردنەوەی خەباتی سیاسی و تەشکیلاتی و چەکداری لەلایەن ڕێبەری حیزبیەوە، بەو مانایە لێکدانەوەی بۆ دەکرێت کە ڕێبەری نوێ بتوانێت بەشداری کاراو چالاکتر لە پرۆسەی درێژەدان بەخەباتی سیاسی و نەتەوەیدا بکا.

درێژەی هەیە