"مەرزبان" بەڕێوەبەری گشتیی نۆژەنکردنەوە، گەشە و کەرەستەپێدان لە کرماشان وتوویەتی: "بۆ نەهێشتنی قووتابخانەی کانێکس لە کرماشان پێویستیمان بە ٢ هەزار میلیارد تمەن هەیە". ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە کە لە ئێستادا ڕێژەی ٢٠٠ قوتابخانەی کانێکسی لەو پارێزگایە بوونی هەیە.
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە پارێزگای "کرماشان" هەروەتر باس لەوە دەکات کە پێش هاتنی بوومەلەرزە نێوەنجی هەر تاکێک بۆ شوێنی پەروەردە و بارهێنان ٥.٧ میتر بووە کە لە دوای بوومەلەرزەکە ئەو ڕێژەیە بۆ ٦،٤١ میتری چوارگۆشە هەڵکشاوە.
ئەو قسانەی ناوبراو لە حاڵێکدایە کە لە ساڵی ٩٦ـەوە کە بوومەلەرزە ئەو پارێزگایەی هەژاند نەتەنیا منداڵەکان لە زۆر شوێنی پەروەردە و لەبار بۆ ئەو بوارە بێبەش بوون بەڵکوو خەڵکەکەشی هەر لە کانێکسدا دەژین و دۆخێکی نالەبار و دژواریان هەیە. سەرەڕای ئەوانەش بەرپرسانی ڕێژیم بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانیان تەنیا دروشم دەدەن.