ئاسۆ مینبەری
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە وێنەی کچان و ڕستەگەلێکی کورت وەکوو فریشتەکەم ڕۆژت پیرۆز، خوداوەند بزەیەکی کرد و کچ خولقا و کۆمەڵێک ڕستەی دیکە تەنرابوو!
زۆر کەس پیرۆزبایی ئەم ڕۆژەیان لە کچەکانیان کرد و بە هۆنینەوەی شێعر و نووسینی کەپشێنی پڕ واتا ئاواتی ژیانێکی ئاسوودە و بەختەوەریان بۆ کچەکانیان خواست.
دیارە کە ئاواتەخوازی ژیانێکی باش و دادپەروەرانە و بەدوور لە ئازاربوون بەتایبەت بۆ کچان کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا زیاتر لە هەر توێژێکی دیکە وەبەر ئازار دەکەون لە ئەساسدا کارێکی جوان و ڕێکوپێکە بەڵام زۆر گرینگە کە کەی و چۆن دایک و باوک ئەو هەستە دەرببڕن و چ کەسێک بکەن بە ئولگویەکی باش بۆ منداڵەکیان!
ڕۆژی ٣ی پووشپەڕی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ لەدایکبوونی مەعسوومە، ئەم ڕۆژە لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاویدا لە لایەن شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگیی ئێرانەوە دیاری کرا و فەرهەنگسەرای کچانی ڕێژیمی ئێرانیش بە فەرمی ئەم ڕۆژەی وەکوو ڕۆژیی نەتەوەیی کچان لە ئێراندا ناودێر کرا!
هۆکاری سەرەکیی ناودێرکردنی ئەم ڕۆژە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە وەکوو ڕۆژی کچ لە ڕاستیدا ڕیشەی لە هاوسەرگیری نەکردنی مەعسوومەدا هەبووە و ڕێژیمی ئێرانیش بە مەبەستی ناساندنی مەعسوومە وەک ئۆلگوویەکی دیار بۆ کچانی موسڵمان و بەتایبەت پەێڕەوانی مەزهەبی شیعە ئەم ڕۆژەی دیاری کردووە.
لە ڕاستیدا ئامانجی سەرەکیی رێژیم باس کردن لە چەمکەکانی "عفاف" و "نجابت" و هەروەها تەبلیغکردن بۆ هاوسەگیریی پێشوەختە بە مەبەستی دووربوون لە گوناح و فێربوونی "آیین همسرداری" و بە واتایەکی تر کۆیلایەتییەکی ئاشکرا بۆ کچانە.
مەبەستی ئەم نووسراوەیە درووستکردنی ناکۆکی لە نێوان ئایین و ئایینزاکاندا نییە بەڵکوو مەبەست ڕوونکردنەوەیەکی ئاشکرایە کە چۆن کۆماری ئیسلامی ساڵانێکی زۆرە لە ژێر ناوی ئایین و ئایینزاکانەوە دووبەرەکی و ڕق و قین دەخاتە نێوان خەڵک و بەم شێوەیەش درێژە بە دەسەڵاتە نگریسەکەی خۆی دەدات.
لە ڕاستیدا دیاریکردنی ڕۆژێکی تایبەت بۆ کچان زۆریش جێگەی بایەخ و پێزانینە بەڵام نەک لەلایەن دەسەڵاتێکی ڕەشی وەک کۆماری ئیسلامییەوە کە ئەگەر حوکمی سێدارە بە سەر کچێکدا بسەپێنێت، پێش لەوە و بە ناوی دینەوە دەستدرێژی دەکاتە سەری و کچێنی لێ دەستێنێ!
ڕۆژانە بە دەیان کچ لە سەرتاسەری ئێراندا بە ناوی نامووسەوە دەکوژرێن و بە سەدان کچ بەهۆی گوشارە جۆراوجۆرەکانی ژیانەوە کە هۆکاری سەرەکیی هەر هەمووشیان نابەرپرسایەتیی دەسەڵات و دەسەڵاتدارانە جەمارانە، خۆیان دەکوژن، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە کچان لە خوێندن دادەبڕێن و بە زۆر بە شوو دەدرێن، زۆریان هەن کە بۆ دابینکردنی پاروویەک نان لەشفرۆشی دەکەن و بە دەیان و سەدان بەڵایان بە سەردا دێت، ئایا باشتر نییە ئەم دەسەڵاتە لە جیاتی دروشمی بریقەدار و ناودێرکردنی ڕۆژێک بۆ ئەم کچانە کە هەر ئاگاشی لە دۆخی ژیانیان نییە، بیر لە دابینکردنی بژێوی ژیانیان بکاتەوە؟ ئایا باشتر نییە لە جیاتی سەرفکردنی پارە بۆ مەزارگەی مەعسوومە و باقی ئیمامزادەکانی دیکە، ئەو پارەیە بۆ گەشەکردنی ئەو کچانە سەرف بکات کە تاکوو درەنگانی شەو لە سەر شەقامەکان دەستفرۆشی دەکەن تاکوو کەرامەتیان لەکەدار نەبێ؟
هەر لەم پێوەندییەدا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٣دا و بە پێشنیاری ئەنجومەنی داکۆکیکردن لە منداڵان، ڕۆژی ١١ی ئۆکتۆبری وەکوو ڕۆژی جیهانیی کچان دیاری کردووە کە ئامانجی سەرەکیش لەم کارە ڕۆشنگەری لە بواری نابەرابەریی ڕەگەزیدا بووە، لە حاڵێکدا کە لە کۆماری ئیسلامیدا ئەم ڕۆژە لە پێناو جەختکردنەوەی کۆمەڵگای سونەتیی ئێران لە سەر باکرەبوونی کچاندا پێناسەیەکی دیکەی بەخۆوە گرتووە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێوەندی لەگەڵ ئەم ڕۆژەدا خوازیاری ئەوە بووە کە هەموو وڵاتانی ئەندام زیاتر لە جاران بۆ ئاگایی بەخشین بە کچانی خوارەوەی ١٨ ساڵ، سەبارەت بە نابەرابەریە ڕەگەزییەکان کار بکەن و دەرفەتی زیاتریان پێ بدەن.
ئامانجی سەرەکی لە ناودێر کردنی ڕۆژی ١١ی ئۆکتۆبر وەکوو ڕۆژی جیهانیی کچان بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە دەگەڕێتەوە:
نەهێشتنی هەڵاواردنەکان
نەهێشتنی نەخوێندەواری لە کچاندا
کەمکردنەوەی ڕێژەی کارکردنی کچانی منداڵ
دژایەتیکردن لەگەڵ خەتەنەکردنی کچان
دژایەتی لەگەڵ هاوسەرگیریی زۆرەملێی کچان
پێشگرتن لە توندوتیژییەکان بەرانبەر بە کچان
پێشگرتن لە هاوسەرگیریی پێشوەختە و دووگیان بووی پێشوەختەی کچان و هتد
کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەیکە پەرەیەکی بەرجاو بە ئیدئۆلۆژییە چەقبەستووەکەی خۆی بدات لە هیچکام لە بۆنە جیهانییەکاندا و بەتایبەتیش ئەگەر پێوەندییان بە ژنانەوە هەبێت خۆی بە بەرپرسیار نازانێت، زۆر جار بینیومانە کە بچووکترین کۆبوونەوەکانی تایبەت بە ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنانی بە توندترین شێوە سەرکوت کردووە تاکوو پێش بە هاوارە عەقخوازەکان بگرێت.
لێرەدا ئەوەیکە جێی باسە ئەمە، ئایا کارێکی باشە کە ئێمە وەکوو دایک و باوک، پیرۆزبایی ڕۆژێک لە کچەکانمان بکەین کە بە هیچ شێوازێک بڕوامان بە بنەڕەت و هۆکاری ناودێرکردنەکەشی نییە؟ ئایا ئەمە بە واتای مۆری تەئیددانان لە سەر کردەوە قیزەونەکانی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بەو کچانەی نەتەوکەمان نییە کە ئێستا لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا و هەر لەم ڕۆژەدا کە خۆیان باس لە مەعسوومیەت و پاکداوێنی مەعسوومە دەکەن دەستدرێژییان دەکەنە سەر؟ بەڕاستی ئەم هەموو سەرلێشێواوییە لە کوێوە دێت؟ ئایا بەڕاستی سەرمان لیشێواوە و ستەمەکانی ئەم ٤٠ ساڵە بەرانبەر بە خۆمان نابینین یان نا لایک و کۆمێنتی دنیای مەجازی وای لێکردووین کە هەموو ڕۆژێک هۆکارێک بۆ پۆستکردنی بابەتێک بدۆزینەوە؟ ئایا پێویست نییە تۆزێ بە خۆماندا بینەوە و ئێمەش وەکوو خەڵکانی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان لە جیاتی ئەوەیکە شانازی بە باکرەبوونی کچەکانمانەوە بکەین و زووم بخەینە سەر بەشێکی تایبەت لە ژیانیان، بیر لە دابینکردنی داهاتوو و هەموارکردنی ڕێگای سەرکەوتنیان بکەینەوە؟
بە ڕاشکاوی دەبێ بزانین کە ئێمەی کورد فەرهەنگێکی زۆر زۆر جیاواز لەو شتەمان هەیە کە ٤٠ ساڵە کۆماری ئیسلامی خەریکی بە گەروومانیدا دەکات و دەیهەوێ بمانخنکێنێ، ئێمە نەتەوەیەکی لەحاڵی شۆڕشداین، شۆڕش تەنیا بە مەبەستی هەڵگرتنی چەک و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داگیرکەران نییە، بەڵکوو لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە مانای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ فەرهەنگە هەڵە و نادرووستەکانە کە بەرماندا سەپاوە و دەبێ لە جێگایەکدا کۆتایی بەم شتە بێنین.
بەو هیوایە کە کچانی کوردستان لە ژێر ئاڵای دادپەروەری و یەکسانیدا هەناسەی ئازادی هەڵمژن و تێر تێر شانازی بە کچبوونی خۆیانەوە بکەن.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.