کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆچی ڕێژیم بۆ گرانکردنی نرخی نان هیچ ناکات؟!

20:56 - 21 بانەمەڕ 2722

ئاسۆ مینبەری

پاش گرانبوونی نرخی بێنزین لە خەزەڵوەری ٩٨دا، شەپۆلێکی سەرتاسەری لە ناڕەزایەتییەکان ئێرانی داگرت، ناڕەزایەتیگەلێک کە لەلایەن ڕێژیمەوە بە دڕندانەترین شێوە سەرکوت کرا و لە ئاکامیشدا هەزاران کەس بە دەستی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لە دەست دا.

سەرەڕای ئەوەیکە ڕێژیم ئەزموونی خەزەڵوەری ٩٨ی لە پێش چاوە، ئەم جارە یەکێک لە گرینگترین پێداویستییەکانی ژیانی خەڵک واتە نانی گران کردووە؛ لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە بۆچی سەرەڕای ئەوەیکە ڕێژیم دەزانێ گرانکردنی نرخی نان دەتوانێ ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی خەڵکی بەدواوە بێت، دیسان دەست بۆ ئەم کارە دەبات؟!

تا پێش لە هەڵبژاردنەکان، وەک هەموو دەورەکانی دیکەی هەڵبژاردن، کۆماری ئیسلامی بەدوای ئەوەوە بوو کە بتوانێ ڕەوایی خۆی لە بەناو سندووقەکانی دەنگدانەوە بە دەست بێنێتەوە و بە فریو و درۆ خەڵک بباتە سەر سندووقەکانی دەنگدان تاکوو ئەم پەیامە بە گوێی جیهانییان بگەیێنێ کە کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتێکی خاوەن ڕەواییە، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ١٤٠٠دا، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی ئاخوند و دامودەزگاکانی ڕێژیم، خەڵک لەم شانۆگەرییەدا بەشدار نەبوون و هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کرد. نەچوونی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان ڕێک بە مانای نەمانی ڕەوایی بۆ ڕێژیم بوو، ڕاستییەک کە خودی ڕیژیمیش باش لێی تێگەیشتبوو. هەرچەند ساڵانێک خەڵک لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە بەدوای گۆڕان و ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیدا دەگەڕان بەڵام دواتر بۆ هەمووان ڕوون بوویەوە کە ئەم سندووقانە ڕواڵەتین و لە ڕێگایانەوە هیچ شتێک گۆڕانی بە سەردا نایەت و ئەوەی کە ڕێژیم بیهەوێ و بڕیاری بۆ دابێت لێیانەوە دێتە دەر، چونکە لەڕاستیدا ئەوە ئاخوندەکانی ڕێژیمن کە بڕیاری کۆتایی دەدەن و تەنیا بۆ وەرگرتنی ڕەوایی بۆ ڕێژیم و درێژەکێشانی دەسەڵات و تاڵانکردنی سامانی خەڵک، بیر لە وەرگرتنی دەنگی خەڵک دەکەنەوە.

 بەڵام لە بەناو هەڵبژاردنەکانی ١٤٠٠دا و بە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان ئەم پەیامە لە خەڵکەوە بە ڕێژیم و دەسەڵاتی ئاخوندی گەیشت کە چیدیکە لە لای ئەوان ڕەوایی نییە، ڕاستییەک کە لە لای خودی ئاخوندەکانیش ئاشکرایە بۆیە بەم شێوازە ناڕەوایە دەسەڵاتدارێتی دەکەن!

 لە دوای خەزەڵوەری ٩٨ەوە، ئاخوندەکانی تاران کە هەموو کات لە سوڵتەی ناڕەوای خۆیان و ئەگەری ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی خەڵک تۆقیون پێمل بەو ڕاستییە بوونەوە کە دەسەڵاتێکی ناڕەوا تەنیا بە سەرکوتی بەردەوام دەتوانێ درێژە بە تەمەنی بدات، هەر ئەمەشە کە دەبینین ڕێژیم هیچ گرینگییەک بە خواست و پێویستییەکانی خەڵک نادات و تەنیا سیاسەتیی ناڕەوای خۆی بەرەوپێشەوە دەبات.

 دەسەڵاتێک کە نە لە ناوخۆ و نە لە دەرەوە ڕەوایی نەمابێت بۆ درێژەدان بە تەمەنی خۆی تەنیا ڕێگای داپڵۆسین و سەرکوت و تاوانکاری دەگرێتە بەر کە سیاسەتی لەمێژینەی کۆماری ئیسلامییە، بۆیە گرانکردنی بنەڕەتیترین و سەرەکیترین پێداویستیی خەڵک واتە نان، دەکرێ لەم لایەنەوە شرۆڤەی بۆ بکرێت؛ ئەوەی ئێستا بۆ ئاخوندەکانی ڕێژیم و تارانی پڕ لە درۆ و تاوان گرینگە، لە دەسەڵات مانەوەی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و حەشدی شەعبی و حیزبوڵلا و هێزە نیابەتییەکانی دیکە لە دەرەوەی ئێرانە، لەم ڕووەوە سفرەکانی خەڵک لە نان بەتاڵ دەبن تاکوو درێژە بە مانەوەی ئەسەد و گرووپە نیابەتییەکانی دیکە بدرێت ، لە لایەکی دیکەشەوە، کۆماری ئیسلامی هیچ ڕەواییەکی لە ناوخۆ و دەرەوە نییە و توانای خۆی خستووەتە گەڕ تاکوو لە ئەگەری هەر ناڕەزایەتییەکدا، بە گژ خەڵکدا بچێتەوە و سەرکوتیان بکات.

بەڵام ئەوەی کە ئاخوندەکان زیاتر هان دەدات کە شەڕی خەڵک بکەن، خەزەڵوەری ٩٨ە کە پێیان وایە دەتوانن هەموو ناڕەزایەتییەک سەرکوت بکەن، لە ڕاستیدا ئەمە هەڵەیەکی زەقە، چونکە هیچ هێزێک توانای بەرەنگاری لەگەڵ شۆڕشی برسییەکان و شۆڕشی نانبڕاوان نییە!

بابەتێکی گرینگی دیکە کە هەیە ناکارامەیی ڕێژیم و دەسەڵاتدارانە کە بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە بوونەتە هۆی دواکەوتنی خودی کۆمەڵگای ئێران و لە لایەکی دیکەشەوە ڕێژیم بە هەوڵدان بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی بووەتە هۆکارێکی گەورە بۆ ئەوەی کە گەمارۆکان لە سەر ئێران زیاد بکرێن کە ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی لە سەر دۆخی خەڵک داناوە، کە بێگومان بەتاڵبوونەوەی سفرەی خەڵک بەشێکی زۆری هەر بۆ ئەم ناکارامەییە و بەتاڵانبردنی ژیانی خەڵک دەگەڕێتەوە.

دواقسەش لەم ڕاستایەدا وەک زۆر جاری تریش وتراوە ئەو کەتوارەیە کە تەنیا کاناڵ و ڕێگای دەربازبوون لەم قەیرانانەی کۆماری ئیسلامی کە هەندێک جار بە ئەنقەست و هەندێک جاریش لەڕووی کاڵفامی و نەزانیی خۆیەوە خوڵقاندوویەتی بریتییە لە قەڵەمبازێکی ستراتێژیک بەسەر ڕێژیمدا؛ کە ئەویش بریتییە لە هەوڵێکی جیددیی هەمەلایەنە لەمەڕ نەهێشتن و لەنێوبردنی کۆماری ئیسلامی دەنا لە غەیری ئەوە دەبێ بەردەوام چاوەڕوانی گرانبوونی پەیتاپەیتای پێداویستییەکانی ژیان و پڕتێچووتربوونی ژیانێک بین کە خەڵکی لێی بێزار بووە.