تێکۆشەرانی دێموکرات لە بۆکان بە مەبەستی پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان، سەردانی گڵکۆی شەهیدانیان کرد.
پۆلێک لە پێشمەرگەکانی شار لە بۆکان سەردانی گڵکۆی هەر یەک لە شەهیدان ''خدرە سوور'' و ''ڕەحمان مورادی'' ناسراو بە ''ڕەحمان سوێناسیـ''ـیان کرد.
پێشمەرگەکانی شار بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر گڵکۆی شەهیدان و خواردنی سوێندی وەفاداری، لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمانیان دووپات کردەوە.
گڵکۆی شەهید ''خدرە سوور'' و چەند شەهیدێکی دیکە لە گۆڕستانی "لاس و خەزاڵ" لە کوێستانی سێوەسوورێ هەڵکەوتووە و هەروەها گڵکۆی شەهید ''ڕەحمان سوێناسی'' لە کوێستانی سێوەسوورێ لە پشت گوندی "برایم خەسار"ی ناوچەی گەورکایەتیدایە.
لە ڕێگای نێوان گڵکۆی ئەو شەهیدانە لە دۆڵی سێوەسوورێ، دۆڵی تاقەبی و گۆڕستانی ''لاس و خەزاڵ'' چالاکیی بەرینی تەبلیغیی بەڕێوە چوو.
شەهید ''خدرە سوور'' فەرماندەی هێزی پێشەوا، ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی لە مەهاباد لەدایک بووە و لە ساڵی ١٣٦٦ لە چیای ''تەرەغە'' لە دەرگیرییەک لەگەڵ هێزە دژە گەلییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران شەهید بوو.
شەهید ''ڕەحمان مورادی'' لە مەهاباد لەدایک بووە و ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی لە گوندی ''برایم خەسار'' شەهید بووە.