کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆکان؛ ئەندامانی حیزبی دێموکرات بۆ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان پەیامێکیان بڵاو کردەوە و ئاڵای کوردستانیان هەڵ کرد

12:12 - 10 خاکەلێوه 2722

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بۆکان، بۆ ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، پەیامێکیان بڵاو کردەوە، هەروەها ئاڵایەکی گەورەی کوردستانیان هەڵ کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییانی خۆشەویست!

لاوە شۆڕشگێڕەکانی درێژەدەری ڕێگای شەهیدان!

حەفتا و پێنج ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی یەکەمین سەرۆککۆماری یەکەم دەسەڵاتی هاوچەرخی نەتەوەکەمان بە دەستی دەسەڵاتی خوێنڕێژی پاڵەوی تێدەپەڕێت و لەم ماوەدا و لە تەمەنی دوو دسەڵاتی ناوەندتەوەری تاراندا هەزاران ڕۆڵەی دەروەست و شۆڕشگێڕی نەتەوەکەمان و بە پانتای هەموو خاکە داگیرکراوەکەمان سەریان کردووەتە قوربانیی ڕێبازی پێشەوای مەزن و بۆ ڕزگاریی نەتەوە و ئاخەکەمان لە کۆلۆنیالیزم و گیانی شیرینیان فیدای بارەگای ئازادی کردووە.

ڕاستە کۆماری شانازیخوڵقێنی کوردستان لە سەردەمی پێشەوای مەزنماندا دەسەڵاتی بەسەر بەشێکی کەمی وڵاتەکەماندا بوو بەڵام بیر و هزری گەڕانەوەی سەروەری بۆ خاک و خەڵکەکەمان ساڵ بە ساڵ و ڕۆژ بە ڕۆژ لە پەرەگرتندایە و هەروەک دەبینین ڕێبازی قازی محەممەد و درێژەدەرانی ڕێگاکەی لەو بەشەی کۆمار دەسەڵاتی تێدا دامەزراند قەتیس نەماوەتەوە و هەنگاو بە هەنگاو خەریکە گشت زاگرۆسی نیشتمانمان دەتەنێتەوە.

هەرچەند هەنووکەش هەمان عەقڵیەت بە ڕووخسارێکی دیکەوە لە تاران دەسەڵاتدارە و لە تازەترین نموونەی جینایەتەکانیدا ڕۆڵەیەکی ڕاستەقینەی گەلەکەمان بە ناوی شەهید حەیدەر قوربانی، درێژدەری بە ئەمەگی ڕێبازی پێشەوا و سەرجەم شەهیدانی سوورخەڵاتی حیزب و گەلەکەمانی تەنیا بەهۆی هەوڵدان بۆ ڕزگاری لە ژێردەستی لە سێدارە دا، بەو خەیاڵەی کە بیری ئازادیخوازی لە مێشک و هەناوی ئێمەدا بسڕێتەوە بەڵام با دەسەڵاتدارانی جەماران و هەموو دژبەرانی نەتەوەکەمان بزانن گەلی ئێمە هیچ کات لە خواستەکانی پەشیمان نابێتەوە و ئێمە وەک لاوانی بۆکان بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە ساڵڕۆژی شەهیدکرانی پێشەوامان قازی محەممەد، پەیمان لەگەڵ هەموو شەهیدان و بەتایبەت نوێترین شەهیدمان کاک حەیدەر قوربانی نوێ دەکەینەوە کە هەروەک ڕێبەری خۆشەویستمان دوکتور سەعید شەرەفکەندی فەرمووی تا سەر درێژەدەری ڕێگایان بین و لەم پێناوەدا یان سەردادەنەوێنین و دەچینە ڕیزی شەهیدانمان یاخود ئامانجەکانیان وەدی دێنین.

سڵاو لە سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری

سەرکەوێ خەباتی نەتەوەکەمان بۆ ڕزگاری لە کۆلۆنیالیزم بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسان تا سەرکەوتن بەردەوامە

ڕاسانیان

بۆکان ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی