کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆکان/ ڕووخاندنی خانووبەری هاووڵاتییان بەبێ بەڵگە لەسەر ئیزنی ناوەندەکانی ڕێژیم

11:16 - 8 رەزبەر 2721

هێزەکانی شارەداری لە گەڕەکی "میراوا"ی شاری بۆکان، بە بیانووی ئەوەیکە ژمارەیەک لە خانووی دانیشتووانی ئەو گەڕەکە، جەوازی شارەدارییان بۆ سازکردنی خانوو نییە، بە پشتیوانیی فەرماندار و هێزە ئینتزامییەکان و شارەداری دەستیان کردووە بە ڕووخاندنی ژمارەیەک لە خانووبەرەی هاووڵاتییان.

کاربەدەستانی ڕێژیم لە گەرەکی "میراوا"ی شاری بۆکان بە بیانووی نەبوونی جەوازی خانووبەرە بە شەوانە خەریکی ڕووخاندنی خانوو و شوێنی کاری خەڵکن.

ئەم هەوڵەی بەرپرسانی ڕێژیم لە گەڕەکی میراوا لە کاتێکدایە کە هاووڵاتییان بەهۆی گرانبوونی کەرەستەکانی بیناسازی توانای دروستکردنی خانوویەکی ٥٠ میتریان نییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاندووە: "هەوڵی ڕووخانی خانووبەری هاووڵاتییان و هەروەها شوێنی کارکردن بە بینانووی نەبوونی جەوازی خانوو دروستکردن بووە، ئەوە لە حاڵیکدایە کە ژمارەیەک لەو هاووڵاتییانە، جەوازی دروستکردنی خانوویان پێ دراوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها بە ماڵپەڕی"کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاند: "زۆربەی دانیشتووانی گەڕەکی میراوای شاری بۆکان، لە بنەماڵە دەستکورتەکان پێکدێت و لە ترسی دەسبەسەرکردن و ئازار و ئەزیەتی هێزەکانی ڕێژیم، ناوێرن ناڕەزایەتی دەرببڕن".