کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بیر و هزری قاسملوو کۆشکی دیکتاتۆری وەلەرزە خستووە

17:32 - 11 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دان بە گەورەیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و شکستی خۆی لە بەرانبەر دوکتور قاسملوو دادەنێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک نەریت و کلتووریی هەمیشەیی خۆیان دیسان هێرشیان کردووەتە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بێڕیزیان بە دوکتور قاسملوو کردووە.

لە میانەی ٣٢مین خولی پیشانگای کتێبی تاران، کاربەدەستانی دیکتاتۆر و جەنایەتکاری تاران لە بنێرێکدا کە بە وێنەی دوکتور قاسملوو نەخشێندراوە، ئیدعای ئەوەیان کردووە کە حیزبی دێموکرات "منحلە"ـیە و دوکتور قاسملووش سەر بە بێگانەکان بووە.

دانان و بڵاوکردنەوەی ئەم پۆستێر و بنێرانە لە لایەن کاربەدەستانی تاران ئیقدامێکی نوێ نییە و ساڵی ٩٥ی هەتاویش کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەباتی نوێی خۆی لەژێر ناوی "ڕاسان" ڕاگەیاند؛ لە تاران بنێرێکیان بڵاو کردەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حیزبێکی "منحلە"ـیە و کەس بایەخی پێ نادات.

کار و کردەوەی لەم چەشنە دەرخەی ئەوەیە کە خودی ڕێژیم دان بەوە دادەنێت کە خەڵکی کوردستان پشتیوانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانن و ڕێبەرانی ئەو حیزبە بە ڕێبەرانی خۆیان دەزانن و لەپێناوی ڕێبازی ڕێبەرانیان لە هیچ فیداکارییەک دەرێغ ناکەن.

هاوکات خودی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران خۆیان دان بەوە دادەنێن کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەنێو خەڵکدا جێگە و پێگەی هەیە و خەڵکیش پشتیوانی ئەو حیزبەیه.

هەڕەشە و هێرشی بەردەوام و هەمه جۆرەی ڕێژیمی ئێران و هەڕەشەی ڕاستەوخۆی تێرۆر لە پێشمەرگە، کادر، ڕێبەرایەتی و ئەندامانی حیزبی دێموکرات دەرخەری ئەو ڕاستییە کە حیزبی دێموکرات لە مەیدانی خەباتدا هەر ماوە و هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانی دەست هەڵناگرێت.

بێ ئەدەبی و بێڕێزی بەرپرسانی شوینیستی تاران بابەتێکی نوێ نییە؛ بەڵکوو بەردەوام لە ڕێگای بەناو دەنگوڕەنگ، ڕۆژنامەکان و تریبۆنەکانیان بێڕێزی بە خەڵکی کوردستان دەکەن.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران دەبێت بە جێگای چەواشەکاریی مێژوو و جوغرافیای ناوچەکە و کوردستان، بیر لە فرۆشتن و بە کرێدانی خاکی خۆیان بە بیانییەکان لە مێژوودا بکەنەوە کە لە نوێترین حاڵەتەکاندا دەتوانین ئاماژه بە بەکرێدانی "پایگای نوژه لە هەمەدان بە ڕووسیە، بەندەری چابەهار بە هیندوستان، فرۆشتنی دەریای خەزەر بە ڕووسیە "و چەندین حاڵەتی دیکە بکەین.

کاتێک میدیاکانی ڕێژیمی ئیران، بە فەرمی و ڕاشکاوانە جنێو و قسەی دوور لە ئەدەبیاتی سیاسی و ئەدەبی مرۆڤانە بە تایبەت دژ بە کورد بەکار دێنن، بابەتێکی چاوڕوان نەکراو نییە کە بنێر و پۆستێری لەم بابەتە بڵاو بکرێتەوە.