کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بیناسازی هەڕەمەکی جوگرافیای سروشتی شاری سنەی‌ تێکداوە

13:21 - 18 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: تەپۆڵکە مێژوویی و سروشتییەکانی شاری سنە بە پرۆژە بیناسازییەکان بەرەو لەنێوچوون دەبرێن.

شاری سنە کە بە تەپوڵکە مێژوویی و سرووشتییەکانی بەناوبانگە و بە شاری هەزار تەپوڵکە ناودێر کراوە، لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا لە ئاکامی بیناسازی نابەجێ و زۆر نابەرپرسانە، زۆر لەو تەپۆڵکانە کە وەکوو ئاسەواری مێژوویی و سروشتین لەنێو چوون و هەتا ئێستەش ئەو پرۆژانە بەردەوامن.

بڕیارە "کوچکە ڕەش" کە یەکێکە لە تەپۆڵکە بەناوبانگەکانی شاری سنە، بە پێی بڕیاری شارەوانی سنە بکرێتە پارکی زانست و تێکنۆلۆژی و دەوروبەری حەسارکێشی کراوە؛ ئەم بڕیارە دژایەتی هەندێک لایەنی خەمخۆری لێکەوتۆتەوە کە دژن لەگەڵ هەرشێوە ساخت و سازێک لە تەپۆڵکەکانی شاری سنە بە تایبەت کوچکەڕەش کە یەکێک لە هێماکانی شاری سنەیە، بەڵام هیچکام لەو پرۆژانە ڕانەگیراون.

پارێزگاریی، شارەوانی و فەرمانداری سنە، لەو دەزگانەی ڕێژیمن کە ئیزنی ساخت و ساز دەدەن لەسەر تەپۆڵکەکان؛ ئەو دەزگایانەی ڕێژیم، بێ لەبەرچاوگرتنی ئاستی مێژوویی و سروشتی تەپۆڵکەکانی شاری سنە، بە پرۆژەکانیان جوگرافیای شاری سنەیان تێکداوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، بەرپرسانی ڕێژیم لە شاری سنە بە شێوەی" زمین خواری" کە دیاردەیەکە لە ئێراندا، بۆ داگیرکردن، فرۆشتن و ساخت و ساز لە شوێنە سروشتی و مێژووییەکان، بەشێکی زۆری زەوییەکانی شاری سنەیان داگیر کردووە و بیناسازییان تێدا دەکەن.

ئەو کردەوانەی بەرپرسانی ڕێژیم لە شاری سنە بووەتە هۆی ناڕەزایەتی بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی فەرهەنگی ئەو شارە.