کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێ ئاوی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەڕەشە لە ژیانی خەڵک دەکات

11:49 - 9 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ژیانی خەڵک لە شارە گەورەکانی کوردستان به‌هۆی بێ ئاوی لەژێر هەڕەشەدایە و ئەو بودجەیەی کە بۆ هەڵکەندنی چاڵاوەکانیش دابین کراوە، به‌هۆی نەبوونی پارە گەڵاڵەکانیان هەڵوەشاوەتەوە.

بۆکان یەکێک لەو شارانەیە کە تووشی کەم ئاوی بووە. ساڵانێکە کە ئەو شارە لەگەڵ کێشەی قورسی بێ ئاوی بەرەوڕوویە و ئەو بودجەیەی کە بۆ هەڵکەندنی چاڵاوەکانیش دابین کراوە، لەلایەن ڕێژیمەوە پارەکەیان نەدراوە.

بەنداوی کازمی لە بۆکان قازنجێکی زۆری بۆ خەڵکی ئەو شارە نەبووە. ئاوی ئەو بەنداوە بە بۆڕی ٢ میتری بۆ شارەکانی تەورێز ڕادەگوازرێت.

٦٠ لەسەدی ئاوی تەورێز لە ڕێگای ئەو بەنداوەوە دابین دەکرێت.

ئاوی بۆکان خۆی لە ڕێگای ٧ چاڵاوی ئاوی و کانیی حەوزە گەورەوە دابین دەکرێت. ساڵی ٩٤ بۆ دابینکردنی ئاوی بۆکان لە چۆمی سارۆقامیش بڕیار درا چاڵاوێک لێ بدرێت.

ئەو پرۆژەیە بههۆی نەبوونی  پارە، لەلایەن ڕێژیمەوە داخرا.

کێشەی کەمئاوی و نەبوونی ئاوی پێویست لە ئێراندا، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان و ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕێژەی کەڵک وەرگرتن لە ئاو لەو وڵاتەدا زۆر زیاتر لە ستانداردی جیهانییە.

دۆخی کەمئاوی لە ئێراندا هێڵی قەیرانی تێپەڕ کردووە و بەرپرسانی ڕێژیم باس لەوە دەکەن کە تا چەند ساڵی دیکە ئێران دەبێتە کەویرێکی ڕووت و وشک.
لە هەنووکەدا زۆربەی شار و گوندەکانی ئێران بەدەست بێ ‌ئاوییەوە دەناڵێنن یان بەرەو شارەکانی دیکەی ئێران کۆچ دەکەن.