کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێ هەڵوێستیی ئامریکا، خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو باوەشی ڕووسیە دەبات

18:07 - 3 جۆزەردان 2721

زاگرۆس

پاش سەرهەڵدانی خەڵکی سووریە و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی خرۆشاوی ئەم وڵاتە بە دەستی ڕووسیە و دەست و پەیوەندیەکانی و لەهەمبەردا بێ هەڵوێستیی دنیای ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئامریکا لە بەرانبەر پێشێل کردنی سیستماتیک و بەرچاوی مافەکانی مرۆڤ و خولقانی ئەم کارەساتە مرۆییە، ڕێگە بۆ ئەوە خۆش بوو کە ڕووسیە بە شێوازیکی کارا بێتە ناو گەمەکەوە و بێتە بەشێک لە پێشێلکاری مافی مرۆڤ و لە ئاکامیشدا ڕووسیە و دەستووپێوەندیەکانی وەک ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان بوونە براوەی کێشەکانی سووریە و تەنانەت ڕۆژئاوا و ئامریکا لە هەمبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایش هەڵوێستێکی ئەوتۆیان کە شیاوی ئەو پێشێلکاریە مەزنەی مافی مرۆڤ بێت هەڵ نەگرت و ئەمەش بووە هۆی بێ هیوایی خەڵک و لایەنە دژبەرە سووریەکان لە ئامریکا و دروشمەکانی لە پشتیوانی لە مافی مرۆڤ. لە لایەکی دیکەوە هەڵوێستی دانڵد ترامپ بۆ پشتگیری بێ ئەملاو لا لە ئیسڕایل و کردنەوەی باڵوێزخانەی ئامریکا لە بەیتولمقەدەس، بووە هۆی پەرەسەندنی ڕق و قینی خەڵکی ئاسایی عەرەب لە ئامریکا و دەسەڵاتدارانیان.

هەر لەو سەروبەندەدا هێرش کرانە سەر ئارامکۆ، وەک گەرەترین دامەزراوەی نەوتی سعوودیە لە لایەن دەستوپەیوەندیەکانی ئێران و پشتیوانی نەکردنی دڵخوازی سعوودی لەلایەن ئامریکاوە وڵاتی سعوودیەی هێنا سەر ئەو باوەڕەی کە له‌ بیری ئالترنایتیڤدا بێ. ماوه‌ی پێش هه‌واڵی دانیشتنی سعوودیه‌ و ئێران بڵاو بوویه‌وه‌و ساویلکانەیە ئەگەر پێمان وابێت ڕووسیە ئاگەداری دانیشتنەکانی ئێران و سعوودیە نەبووە هەرلەم ماوەدا بەستنی چەن گرێ بەستی گەورەی عەرەبستان لەگەڵ ڕووسیە و پاشەکشەی وڵاتانی کەنداو لە هەڵوێستی ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدو هەوڵی دانووستان لەگەڵ بەشار ئەسەد و هەوڵی کردنەوەی سەرلەنوێی باڵوێزخانەو کۆنسولگەریەکانیان لە سووریە کە سەردەمێک بە دژی دین و دنیای ئیسلام ناویان دەبرد، هەموویان ئاماژەن بۆ مەودا گرتنی وڵاتانی کەنداو لە ئامریکا بەرەو ڕووسیە و مل دان بە باڵادەستی ئەم وڵاتە لە ناوچەکەدا. لە لایەکی دیکەوە بەجێ هێشتنی وڵاتی ئەفغانستان و دانوستان لەگەڵ تاڵبان و بە هێزبونەوەی تاڵبان لەم وڵاتەدا و گریمانەی گرتنەوە دەستی دەسەڵات لە داهاتووێکی نەک زۆر دوور لە ئەفغانستان لەلایەن تاڵبانەوە ڕێگەی ڕەم بازێنی ڕووسیە و گەورەترین دارەدەستی لە ناوچەکەدا یانی وڵاتی ئێران و هێزی ترۆریستی سپای قودس ئاوەڵاتر دەکات، بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەش کە سپای قودس لە ڕێڕەوی ئامانجی درێژماوەی ڕووسیە لەناوچەکەدا هەڵسووکەوت دەکات باشترین نموونە ئاماژەکانی قسەکانی زەریفە لەمەڕ ئەوەی کە قاسم سلێمانی پیاوی پوتین بوو و ئەجینداکانی ئەوی جێبەجێ دەکرد.

لە تازەترین ڕووداوی ئاڵۆزی ئەم ناوچە پڕ لە ئاڵۆزیەدا، واتە دیسانەوە گەرم بوونەوەی شەڕی نێوان ئیسرایل و فەلەستینییەکان یەکەم وڵاتێک کە داوای کۆبونەوەی بە پەلەی شۆرای تەناهی ڕێکخراوەی نەتەوە یەک گرتووەکان دەکات ڕووسیەیە و هەر لە هەمان کاتدا ئامریکا لەگەڵ گەورەترین پشتیوانی حەماس بە وتەی خودی دەسەڵاتدارانی حەماس لە ویەن خەریکی وتوو وێژە کە لەو دانیشتانەشدا ڕووسیە یەکێک لە دەورگێڕە سەرەکیەکانە. ئامریکا تا هەنووکەش هەڵوێستی ڕوون نییە لەهەمبەر ئەم کێشە و بە لایەنگری تاک لایەنانە و تا ڕادەیەک شەرمێونانە لە ئیسرایل زیاتر وێ دەچێت هەوڵی خۆ دزینەوە لە کێشەکان بدات. لە لایەکی دیکەوە ئەگەر سەردەمانێک ئامریکا وەک خاوەنی گەورەترین سەرچاوەی نەوت لە دنیادا بە یارمەتی سێهەم گەورەترین خاوەنی نەوت یانی عەرەبستان تێچووی زۆر لە چالاکیەکانی خۆی لە دنیا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دابین دەکرد هەنووکە ڕووسیە وەک خاوەن دووهەم سەرچاوەی نەوت لە دونیادا بە پشتیوانی ڕێژەیی لە گەلی فەلەستین و هەوڵ دان بە چارەسەرکردنی کێشەی مێژووی ئەو وڵاتە بە شێوازێکی دیكه‌، بە ساکاری دەتوانێ پشتیوانی نەتەوەی عەرەب و دەسەڵاتدارانی بێ هیوا لە ئامریکا و به‌ده‌ست بێنێ و تا رادەیەک لەگەڵ خەڵکی خۆیان ئاشت بکاتەوە و زیاتر بەرەو چوونە ژێر چەتری ڕووسیا پاڵیان تێوە نێت.

 بمان هەوێ یان نا پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە حەماس لە ناو خەڵکی ئاسایی ناوچەکەدا دەبێتە بێزاری زیاتر لە ئامریکا و کاتێکیش ئامریکا هیچ هەڵوێستێکی کردەوەی هەڵناگرێت بۆ چارەسەری کێشەکە هەر کەس ئەگەر فریوکارانەش بێت و تۆزێک دادپەروەرانەتر و هەوڵی چارەسەری کێشەکە بدات پشتیوانی زۆر بۆ خۆی کۆ دەکاتەوە. سەرەدمانێک کە تورکیا گەورەترین دۆستی ستراتژیکی رۆژئاوا و ئامریکا بوو و بە نرخی پشتیوانی لەم وڵاتە پشتیان لە گەلی کورد لەو وڵاتە کرد، ئێستە ئەردوغان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دژایه‌تیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی رۆژاوا ده‌كا و بۆ گەیشتن بە خەونی ئیمپڕاتوری عوسمانی زیاتر پەنا دەباتە بەر ڕووسیە نەک ئامریکایەک کە جێی متمانەی نییە و بە سانایی خۆی لەگەڵ دەسەڵاتی ڕووسیە لە ناوچەکە ڕێکخستووە، نموونەی بەرچاویشی لە سووریەیە. ئەزموونی نیوەچڵی دەستێوەردانی ئامریکا لە وڵاتانی ناوچەکە وەک عێراق و ئەفغانستان و تا سەر نەمانەوە لەگەڵ خەڵکی ئەم وڵاتانە و نەگەیاندنیان بەسەرەنجامی ڕووخانی دیکتاتۆریەت و دابین کردنی ئاسایش و تەناهی لەم وڵاتانەدا لە لایەکەوە و خەم ساردی و بێ هەڵوێستی و ناشارەزابوونی ئامریکا بە هەل و مەرج و دۆخی تایبەتی ئەم ناوچە سەرچاوەی گرتووە و لە لایەکی دیکەشەوە هەوڵە دوژمنکارانەکانی ئێران چ وەک کارتێکی سەربەخۆ و چ وەک مۆرەی سەرەکی یاری ئەم زلهێزە "واتە ڕووسیە" بارودۆخی ناوچەکەی چەن قەت ئاڵۆز کردووە و بەستێنی بۆ دەستێوەردانی ڕووسیە لەبارتر کردووە.

پلانی مەزن بۆ بوون بە یەکەم زلهێز لە مێشکی پوتیندا هەیەبەڵام ئەم جارەیان نەک لە ئورووپاوە بەڵکوو لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستەوە و بە دەسبەسەرداگرتنی سەرچاوە نەوتیەکان بۆ بەهێزکردنی توانایی ئابووری، چون دەسەڵاتدارانی ڕووس باش لەوە تێگەیشتوون یەکێک لە هۆکارەکانی تێکشکانیان لە سەردەمی شەڕی سارددا ئابووری لاواز بوو، هەنووکە بارودۆخەکە گۆڕدراوە و خەڵکی دونیا وەک شەڕی جەهانی دووهەم چاو لە سەربازانی ئامریکای ناکەن و وەک ڕزگاریدەر لێیان ناڕوانن بەڵکوو وەک وڵاتێکی بێ بەڵێن لە هەمبەر دروشمەکانیان چاوی لێدەکەن. بۆ نەتەوەی ئێمەش ئەم کەتوارە لە بێدەنگی ئامریکا پاش هێرشی تورکیە بۆ سەر خۆرئاوای کوردستان و بێدەنگی لە هەمبەر هێرش بۆ سەر باشوری کوردستان پاش ڕێفراندوم و بێدەنگی بەرانبەر هەوڵی تاوانەوەمان لە خۆرهەڵات و باکوور بە باشترین شێواز خۆی دەنوێنیت. هەربۆیە تەنیا ڕێگە چارەی نەتەوەی ئاخ داگیرکراوی زاگرۆس سەرەتا خۆ بەهێز کردنیەتی و پاشان بە پشت بەستن بەهێزی خۆی و وردبوونەوە لە گەمەکانی ناوچە، خۆڕزگار کردن لە کۆلۆنیالیسمی داگیرکەرە دەنا ئەگەر خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بکەوێتە داوی ورد تەنراوی ڕووسیە و هاوپەیمانانی ئەوا گەلانی لاواز و بندەست بە دەیان قات چەوساوەتردەبن و تا دەیان ساڵی تر رزگارییان بۆ دەبێتە خەون ئەگەرتا ئەو کات لە کۆلۆنالیزمی سەردەستدا نەتوابێتنەوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.