کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێئاوی لە ڕوانسەر و جوانڕۆ ژیانی خەڵکی تاڵتر کردووە

12:29 - 15 پووشپەڕ 2720

بۆ ماوەی چەند حەوتوویەکە هەندێک گوند و گەڕەکی "ڕوانسەر" کێشەی بێئاوییان هەیە و بە شەو و ڕۆژ ئاویان نییە و لە جوانڕۆ ئیدارەی ئاو ڕایگەیاندووە کە لە داهاتوودا ئاوی ئەو شارە جیرەبەندی دەکرێت.

گەڕەکانی "فەرهەنگیان، گوڵ چەرموو، ساڵح ئاوا و ئاوایی مەسکین ئاوا"ی ڕوانسەر، بۆ ماوەی چەند حەوتوویەکە ئاویان نییە و خەڵکی ئەو گەڕەکانە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بەڵام تا ئێستا ئەو کێشەیە چارەسەر نەکراوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە "ڕوانسەر" خاوەن ئاو و کانیاوێکی زۆرە و تەنانەت ئاوی بەشێک لە جوانڕۆ لە ڕوانسەرەوە دابین دەکرێت، بەڵام خەڵکی "ڕوانسەر" خۆیان لەو ئاوە بێبەرین.

هەروەها لە چەند گەڕەک و کۆڵانێکی "جوانڕۆ" کێشەی کەمئاوی و بیئاوی هەیە و ئیدارەی ئاوی ئەو شارە هەڕەشەی پچڕاندنی ئاوی کردووە و ڕایگەیاندووە کە لە داهاتوودا دەبێ ئاو جیرەبەندی بکرێت.

سەڕای بوونی ئاو و کانیاوی زۆر لە کوردستان، شار و گوندەکانی کوردستان بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئاوی کوردستان دەگوازێتەوە بۆ پارێزگاکانی ناوەندیی ئێران.