کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێرنارد هێنری لێڤی: مافی کوردەکان بەفەرمی بناسین

11:28 - 20 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: یەکێک لە فیلسووفان و بیرمەندانی فەرانسەوی لە وتارێکدا له گۆڤاری "پاری ماچ" بڵاوی کردووەتەوە: "عەداڵەت بەجێ بێنین و مافی کوردەکان به فەرمی بناسین".

گۆڤاری "پاری ماچ" (پاریس ـ ماچ) بابەتێکی لەژێر ناوی "عەداڵەت لە حەقی کوردەکاندا بەجێ بێنن و مافی کوردەکان بە فەرمی بناسین"، لە نووسینی "بێرنارد هێنری لێڤی"، فیلسووف و بیرمەندی فەرانسەوی، بڵاوی کردووەتەوە کە لەو بابەتەدا ناوبراو بەرگری لە مافی نەتەوەی کورد دەکات.

"لێڤی" سەردانی کوردستانی ڕۆژئاوا، باشوور و ڕۆژهەڵاتی کردووە و ڕاپۆرتێکی لەبارەی کوردەکان بڵاو کردووەتەوه.

ناوبراو لەبارەی کوردستانی ڕۆژئاوا به هێنانەوەی ئەو ڕستەیە کە "کوردەکان هیچ دۆستێکیان نییە جیا لە چیاکان"، نووسیویەتی: "خۆ کوردەکانی ڕۆژئاوا لە پاڵپشتیی چیاکانیش بێبەرین".

"هێنری لێڤی" لەبارەی کوردەکانی ڕۆژئاوا باس لە وتووێژی "ئیمانۆئێل ماکرۆن و مەزڵووم کۆبانی" دەکات. باس لە قسەی "مەزڵووم کۆبانی" ‌دەکات کە وتبووی: "لە نێوان ژینوساید (ئەردۆغان) و سازان (بەشار ئەسەد) ئێمە ژیان هەڵدەبژێرین".

لەبارەی کوردستانی باشوور باس لە پێشمەرگە و فیلمی خۆی لەبارەی پێشمەرگە دەکات و باس لە خیانەتی ئامریکا بەرانبەر بە کوردەکان دەکات.

لە بەشی کۆتاییدا باس لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکات و نووسیویەتی: "ئێرە سێهەمین کوردستانه. کوردستانی ئێران کە ڕۆژهەڵاتی پێ دەڵێن. خەباتکارانێکی لە غوربەتدا هەیە که لە جلی پێشمەرگەدا، سەرقاڵی خزمەتن".

ناوبراو هەروەها باس لە شەونخوونی و زەحمەتەکانی پێشمەرگە لە چیاکاندا دەکات.

ناوبراو باس لەوەش دەکات کە پاسدارەکان لە خۆڕاگریی پێشمەرگە دەترسێن و هەوڵ دەدەن هێرش بکەنە سەر پێشمەرگە و دەڵێت کە ساڵی ڕابردوو بە مووشەک هێرش کرایه سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە.

"هێنری لێڤی"، باسی کۆڵبەرانی کردووە کە ئەوەش بەرهەمی ڕێژیمی ئێرانە که بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاوە.

"بێرنارد ‌‌هێنری لێڤی" لە کۆتاییدا نووسیویەتی: "نەتەوەی کورد بەهایەکی قورسی بۆ خۆڕاگری و خەونێکی شکست نەخواردووی سەربەخۆیی کوردستان داوە؛ با دان بە مافی کورددا بنێین".