کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"بێوار سمیتکۆ" بەمەبەستی کۆکردنەوەی دەنگ بۆ ئیبراهیم ڕەئیسی لە پارێزگای ورمێ دەسنیشان کرا

13:41 - 10 جۆزەردان 2721

''ئیبراهیم ڕەئیسی''  یەکێک له‌ بەربژێرە دەسنیشان‌کراوەکان بۆ شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئێران بەمەبەستی بانگەشە و کۆکردنەوەی دەنگ لە پارێزگای ورمێ "ئارمان" ناسراو به‌ ''بێوار سمیتکۆ'' کوڕی ''گاگارین'' کە لە بەکرێگیراوانی باوەڕپێکراوی ڕێژیمی ئێرانە، بۆ ستادی هەڵبژاردنەکانی خۆی دیاری کردووە.

"ئارمان سمیتکۆ" وەکوو مۆرەیەکی چالاکی ڕێژیم بەمەبەستی بانگەشە و ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندوقی دەنگدان، وەکوو بەرپرسی ستادی بەناو ''ئەقوام و عەشایر''ی ئیبراهیم ڕەئیسی لە پارێزگای ورمێ دەسنیشان کراوە.

''ئیبراهیم ڕەئیسی'' یەكێک لە كەسە نزیكەكان لە ''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانە و خامنەیی چەندین جار لە پۆستی هەستیاردا دایناوە، نابراو لە دەی ٦٠ی هەتاویدا یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی مەرگ بووە و بڕیاری کوشتنی هەزاران کەسی داوه‌.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕێکەوتی ٢٨ی جۆزەردانی ئەمساڵ ١٣هەمین خولی هەڵبژاردنەکانی خۆی لە حاڵێکدا بەڕێوە دەبات، کە لەگەڵ قەیرانی ڕەوایی بەرەوڕووە و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئێران ئەو هەڵبژاردنانەیان بایکۆت کردووە و بەپێی ڕاپرسییەکان کەمتر لە ٣٠ لەسەدی خەڵک بەشداری دەکەن.