کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێڕێزیی نوێنەری وەلی فەقیهی ورمێ بە گیانلەدەستدانی دوو هەواڵنێر

11:43 - 6 پووشپەڕ 2721

"مەهدی قورەیشی" پێشنوێژی هەینیی شاری "ورمێ" وتوویەتی: ''پێویست بەو هەمووە پەیامی سەرەخۆشییە نەبوو کە بۆ گیانلەدەستدانی ئەو دوو هەواڵنێرە بڵاو کرایەوە".

ناوبراو کە نوێنەری ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای "ورمێـ"ـیه وتوویەتی: "ئەو ڕووداوە ناخۆش بوو بەڵام خوێنی ئەو هەواڵنێرانە لە خوێنی تەڵەبەکانی من سوورتر نییە".

"قورەیشی" وتوویەتی: "هەواڵنێرەکانی کەسێکی تایبەت نین و پێویست ناکات هێندە پەیامەی سەرەخۆشی بڵاو کرابایەوە".

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕ ئوتووبووسێکی هەڵگری هەواڵنێرانی ژینگەیی لە ڕێگای "نەغەدە" وەرگەڕا کە لە ئەنجامدا دوو هەواڵنێر گیانیان لەدەست داوە و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەو ئوتووبووسه سەرجەم ٢٦ کەسی تێدا بووە کە زۆربەیان هەواڵنیر بوونە. لەو ٢٦ کەسە ٢١ کەسیان بریندار دەبن و ٢ کەسیان گیانیان لەدەست دەدەن.

شوناسی ئەو دوو هەواڵنێرەی گیانیان لەدەست دابوو "ڕیحانە یاسینی و مەهشاد کەریمی" لە هەواڵنێرانی "ئیرنا و ئیسنا" بوونە.

ئەو هەواڵنیرانە سەردانی تۆنێلی "کانی سێو" لە پیرانشاریان کردبوو و لە ڕێگای گەڕانەوە تووشی ئەو ڕووداوە بوونه.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران دەڵێن ئەو ئوتووبووسە تۆرمزی بڕیوە بۆیە تووشی ئەو ڕووداوە بوونه.

پرۆژەی تۆنێلی "کانی سێو" پرۆژەیەکی ئەمنییەتییە و وەرگەڕانی ئەو ئوتووبووسە گوماناوییە.