کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێڕێزییەکانی ڕێژیم بە پیرۆزییەکانی ئایینزای سونی کۆتاییان پێ نایە

13:25 - 8 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بێڕێزییەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بە پیرۆزییەکانی کەمینەکان و بەتایبەتی ئایین و کەمینە ئایینییەکانی ئەو وڵاتە کۆتایی پێ نایە و ئەمەش دژکردەوەی توندی خەڵکی لێ کەتووەتەوە.

لە درێژەی بێڕێزییەکانی ڕێژیم و مۆرە و بەکرێگیراوەکانی ئەو ڕێژیمە بە نەتەوەکانی ئێران، پیرۆزییەکانی ئایین و کەمینەکانی ئێران و بەتایبەتی نەتەوەی کورد و ئایینزای سونی، کۆتایی پێ نایە و ئەم بێڕێزییانەش بەرپرچدانەوە و دژکردەوەی توندی خەڵکانی ئەو وڵاتە و بەتایبەتی خەڵکی کوردستانی لێ کەوتووەتەوە.

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە، ۸ی جۆزەردان، هەواڵدەریی "ئانا"ی سەربە ڕێژیم بڵاوی کردووەتەوە، کە ئاخوند "حەسەن نەورۆزی"، نوێنەری دەسنیشانکراوی ڕێژیم بۆ شارستانەکانی ڕۆباتکەریم و بەهارستانی تاران و وتەبێژی کۆمسیۆنی بەناو دادوەریی و مافپارێزیی مەجلیسی ڕێژیم، بێڕێزی بە پیرۆزییەکانی ئایینزای سونی و ڕەوتی وەهابیەت کردووە و ڕایگەیاندووە، وەهابیەت مەزهەبێکی تێکدەرانە، چەوتەبەر و لاڕێیانەیە، کە لە لایەن بریتانیاوە دروست کراوە و عەرەبستان و بڕێک لە وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت بڕێکیش لە خەڵکی وڵاتی ئێران هاوڕای ئەو ڕەوتە مەزهەبییەن.

ئەم بێڕێزییانەی ئەو نوێنەرەی ڕێژیم لە کاتێکدایە، کە چەند ڕۆژی پێش، لە کاناڵی ۵ی دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران، بەشی نێوخۆیی پارێزگای تاران، یەکێک لە نەوحەخوێنەکانی سەربە ڕێژیم، لە کاتی نەوحەخوێندیدا بێڕێزی بە کەسایەتییە مەزهەبییەکانی ئەهلی سونەت کردووە و بەرپرسانی ڕێژیمیش پاساوی بێبنەما و ناڕوونیان بۆ ئەو بێڕێزییانە هێناوەتەوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، لە سێ ڕۆژی ڕابردووشدا، بەرپرسی بەسیجی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە، بێڕێزی بە پیرۆزییەکانی نەتەوەی کورد و جلوبەرگی کوردی کردبوو، کە لەگەڵ دژکردەوەی خوێندکارە کوردەکانی ئەو زانکۆیە بەرەڕوو بوویەوە و لە ئاکامدا تێکەڵچوون لە نێوان خوێندکارانی کوردیپۆش و بەسیجییەکانی ئەو زانکۆیە هاتە ئاراوە.

ئەم بێڕێزییانەی ڕێژیم، ناڕەزایەتیی سونییەکانی ئێران و بەتایبەتی مەلاکانی کوردستانی بە دواوە بوو و لەم بارەیەشەوە، مەلا نیشتمانپەروەرەکانی کوردستان داوای یەکڕیزی و یەکگرتوویی کورد و نەتەوەکانی تر و ئایینە کەمینەکان و بەتایبەت سونییەکان لە بەرانبەر بێڕێزییەکانی ڕێژیمدا دەکەن.