کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێ‌ڕێزییەکانی ڕێژیمی ئێران بە ئایینی یارسان لە ئاڵمان لە خۆ پێشاندانێکی ناڕەزایەتیدا مەحکووم کرا

14:32 - 24 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتیی بۆ مەحکووم‌کردنی بێ‌ڕێزییەکانی ڕێژیمی ئێران بە ئایینی یارسان لە دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و دەربرینی پشتگیری لە پەیرەوانی ئایینی یارسانی کوردستان بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا،ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ئاڵمان خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی دژی بێ‌ڕێزییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی بە پەیڕەوانی ئایینی یارسانی و بەتایبەت خوشک و برا یارسانییەکانی کوردستان لە شاری هامبورگی ئاڵمان ڕێکخست.

لەو خۆپیشاندانەدا کە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کوردانی سووریە و خەڵکی ئازادیخواز بەشداریان کردبوو، بڵاوکراوەیەک بە زمانی ئاڵمانی گەڵالە کرابوو کە بە سەدان نوسخەی درایە دەستی هاووڵاتیانی ئاڵمانی.

لە درێژەی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی کوردانی دەرەوەی وڵات، لە شاری فرانکفۆرتی ئاڵمان خۆپیشاندانێک لە هەمان ڕۆژدا و لەبەردەم کۆنسوولخانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندەرانی بەردەم کۆنسوولخانەی شاری فرانکفۆڕت نامەیەیان خستە نێو سەندووقی پۆستی نوێنەرایەتی ڕێژیمی ئێران و بە دروشم دان کردەوە نامڕۆڤانەیی ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانیان مەحکووم کرد.

پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن کەژاڵ نەقشبەندی بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات خوێندرایەوە.