کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێڕەوشتکردنی کۆمەڵگا تا ئاستی فڕێدانی کۆرپەلە

10:54 - 11 جۆزەردان 2722

سندووس

"واتسڵاو هاوڵ" لە کتێبی "توانای بێ‌توانایان"دا و لەسەر سیستمە توتالیتێرەکان دەڵێ:

"ئەم سیستمانە لە قۆناغی یەکەمدا گشت هێزە جیابیرەکان لەناو دەبەن و لە قۆناغی دووهەمدا دەستدرێژی دەکەنە سەر ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵانی خەڵک و بەگرتنەدەستی ڕەهەندە جیاجیاکانی ژیان، دەسەڵاتی خۆیان بەسەر گشت بوارەکانی ژیانی خەڵکدا دەسەپێنن. ئەو لای وایە توانای سەرەکی نیزامێکی توتالیتێر جگە لە بەکرێگیراو، چەک و باتۆم، کۆمەڵگایەکە کە لە ڕەوشت دابڕاوە."

دابڕانی کۆمەڵگا لە ڕەوشت دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەت و پەروەردەی هەڵە، گەندەڵی، باوەڕهێنان بە درۆی سەیروسەمەرە و کۆمەڵەوەهمێکی بۆشی دەسەڵاتداران کە "مازلۆ"وتەنی کۆمەڵانی خەڵک گیرۆدەی پێداویستییە ژینەکییەکان دەکەن و هیچ دەرفەتێک بۆ هەڵکشانی بابەتی فکری ناهێڵنەوە و ئەوەی بێبایەخ دەکرێ بواری پەروەردەی تاک و کۆی کۆمەڵگایە.

سیستمی توتالیتێر بە هەموو جۆر دژی تاکخوازیی دەجووڵێتەوە و تاکەکان دەبێ لە نێو ئایدیۆلۆژی دەسەڵاتی پاوانخوازدا بتوێنەوە و ببنە قوربانی ئارمانە مەزنەکانی ڕێبەر!! ئەوانەی ئەزموونێکی بچووکیان لە ڕەفتارناسیی کۆماری ئاخوندی و قۆچکی دەسەڵاتی ئەم نیزامە کێشەخوڵقێنە، واتە خامنەیی نارسیستدا هەیە، چاک دەزانن ئەمانە "مشتێ لە هەشتێ"ی ڕەفتاری ئەم سیستمە بەڕەڵایەن.

کۆماری ئاخوندی لە ماوەی تەمەنی پڕ لە شوورەیی خۆیدا سەلماندوویەتی کە هیچ بایەخێک بۆ بواری پەروەردە دانانێت، ئەوەی بەلایەوە بایەخی هەیە پەروەردەکردنی جیل و نەسڵگەلێکی گوێ‌لەمست، بێ‌ئیرادە و شەڕانگێزە کە بیانکاتە موریدی بێ‌دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژییە خورافی و بێبنەماکانی ڕێبەرە وەهمییەکەی!!

لە کاتێکدا و لە بواری دەروونشیکاری بە مانا "لاکان"ییەکەی، کۆمەڵگا لەسەر فرەچەشنی دامەزراوە و گەر سیستمێک سەرنج نەداتە ئەم پرسە گرینگە، کۆمەڵگایەکی نەخۆش، خەمۆک، بێ‌ڕەوشت، شەڕانگێز و نالێپرسراو ئاکامەکەی دەبێت و چەندین بەرە دەبێ لە نێو ئاگری بیرتەسکی دیکتاتۆر و سیستمی پاوانخوازدا ببنە سووتەمەنی و تێدا بچن. ئەم ڕاستییە حاشای لێ‌ ناکرێت کە بەربەرەکانی لەگەڵ پێداویستییە سەرەتاییە ڕوحی و ڕەوانییەکانی مرۆڤەکان و چەسپاندنی مەیل و ویستە دەروونییەکان، ژیان لە گرێژنە دەبات و کۆمەڵێک نەخۆشی دەروونی بۆ مرۆڤ بەرهەم‌ دەهێنێت.

بەپێی بۆچوونی خاوەنڕایان، هەر منداڵێک کە لەدایک دەبێ، فرەچەشنێکی‌تر دێتە نێو کۆمەڵگاوە و گەر ئەم فرەچەشنییە بەفەرمی نەناسرێ، کۆمەڵگایەکی یەکدەست و یەکڕەنگ، کە هیچ مرۆڤێک جیاوازیی لەگەڵ ئەویتر نییە لە دایک دەبێت. وەها کۆمەڵگایەک سیخانخی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەبێ و بەهۆی ئەوەیکە لەگەڵ ڕەوانی مرۆڤەکانیش ناتەبایە هێدی‌هێدی بەرەو داتەپین دەڕوات. وەها کۆمەڵگایەک گەردەلوولی خیز هەڵی‌ دەگرێت و گشت بابەتە ڕەوشتییەکان بەرەو فەوتان دەچن.

کۆماری ئاخوندی بە گرانی، بێ‌کیفایەتی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، دزیکردنی مۆرەکانی، ڕانتخۆری، تاڵان و حەڕاجکردنی سامانی وڵات، پێکهێنانی دەرفەت بۆ ئاوسانی چرکەبەچرکە، بێکاری، گەمارۆخوڵقێنی، سەرکوتی بێبەزەییانە، تێکدانی ژینگە، زەوتکردنی بچووکترین ئازادییەکان تەنانەت لە شێوەی جلوبەرگ پۆشیدا و دەیان و بگرە سەدان ئاریشەی‌تر، بەتەواوی ژیانی لە کۆمەڵانی خەڵک تاڵ کردووە و وەها دەستدرێژی کردووەتە نێو بەشە هەرەتایبەتەکانی ژیانی خەڵکەوە کە ئێرانی بۆ گشت لایەک کردووەتە جەهەننەم!!

کێشەکانی نێو کۆمەڵگا تا دێ ڕوو لە زیادبوونن، بەوتەی وتەبێژی دەزگای دادی ڕێژیم، ساڵانە زیاتر لە ٢٠ میلیۆن پەروەندە تەنیا لە دادگوستەری پێڕاگەیشتنیان بۆ دەکرێ، ڕێژەی تەڵاق و هەڵوەشانی بنەماڵەکان هاواری بنکە سڤیلییەکانی بەرز کردووتەوە، مناڵانی کار و خاتوونان و مرۆڤە هەژارەکانی زبڵدۆز، جەرگی هەر مرۆڤێکی خاوەن ویژدان دەکەنە کەباب. لە وەها بارودۆخێکدا پێشەوا فتوای زیادکردنی حەشیمەتی ئێرانی داوە و لە ڕوانگەی بیری چەپەڵ و دواکەوتووی خۆیەوە گەرەکییەتی سەرباز بۆ داهاتووی سیستمە هەرەگەندەڵەکەی ئامادە بکات! بۆ ئەم مەبەستەش و بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ڕێبەر، حەب و کەرەسەگەلی پێشگیری لە منداڵبوون لە بازاڕدا یان هەر گیرناکەوێت یان بە نرخێکی گران دەفرۆشرێت.

چەند ڕۆژ لەمەوبەر محەممەدڕەزا مەحبووبی‌فەر، لێکۆڵەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان و ئەندامی ئەنجومەنی فێرکاری و بێهداشت و تەندرووستی، بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراوی یاریدەدەرانی کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند کە لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ۵ هەزار کۆرپەلە لە ئێراندا لەسەر شەقامەکان فڕێ دراون کە بۆ هەر ڕۆژەی دەکاتە ۵٠٠ کۆرپەلە کە لەبار براون و فڕێ دراون.

ئەمەیە ماهییەتی سیستمی تۆتالیتێری ئاخوندی کە لە پڕوپاگەندە و وڕێنەکانیدا دەیهەوێ شۆڕشەکەی بۆ گشت جیهان هەناردە بکات و وڵاتانی جیهان بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان، شێوەی ئەوان بۆخۆیان بکەنە ئۆلگوو و سەرچەشن!!

خەڵکانی ئێران دەبێ دڵنیا بن تا ئەم سیستمە بمێنێ، ژیانیان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر نالەبار و دژوارتر دەبێ و هیچ دەروویەکی ڕوون لە ئەگەری مانەوەی ئەم گەمژانەدا بەدی‌ ناکرێت. ڕەفتارەکانی دەسەڵاتی ئاخوندی ئەوەی سەلماندووە کە وەکوو زێروو لە گیانی کۆمەڵانی خەڵک بەربوونە و هیچ بیرێک لە ئێستا و داهاتووی ئەم خەڵکە بەشمەینەتە ناکەنەوە، گەر کۆمەڵانی خەڵک بەزووترین کات بۆ دەرهێنانی ئەم لووە دەروونڕێژە ژاراوییە وەخۆنەکەون داهاتوویەکی گەلێک لێڵ و ڕەشتر چاوەڕوانیانە!!