کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێژنگی دڕاو و خەڵووزی ڕەش

23:59 - 29 بانەمەڕ 2722

شەماڵ تەرغیبی

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لەکاتێکدا کە جیهان سەرسووڕماوی ڕووداوە ئابوورییەکانی ئێران بوو و بەدواداچوون بۆ دوایین جموجۆڵەکانی خەڵکی ناڕازی کە بەهۆی گرانی هەوسارپچڕاوەوە هاتە ئاراوە، ببووە کاری ڕۆژانەی میدیا و ڕاگەیاندنەکان، لەناکاو دەزگای بەدناوی دەنگوڕەنگی ڕێژیم لە دووتوێی ڕاپۆرتەهەواڵێکدا هەوڵێکی چەواشەکارانەی دەست پێکرد و چەند کەس لە چالاکانی فەرهەنگی و مامۆستایانی کوردستان کە بریتین لە بەڕێزان ئیسکەندەر لوتفی، مەسعود نیکخا، شەعبان محەممەدی و ڕەسوڵ بوداغی، کە پیشتر لە ڕەوتی مانگرتنەکانی ئەم دواییانەی مامۆستایان دەسبەسەری کردبوون، وەک "دارەدەست و عامڵی بێگانە!" ناساندنی کە گوایە بە هاوکاری دوو سیخوڕی فەڕانسەوی ویستوویانە ئاڵۆزی لە ئێراندا دروست بکەن بەڵام کەوتوونەتە داوی وەزارەتی ئیتلاعات و نەیانتوانیوە بە ئامانجەکانیان بگەن!

ئەم پرسە لە چەند گۆشەنیگاوە دەکرێ شڕۆڤەی بۆ بکەین کە شەنوکەوکردنی هەر کامیان دەتوانێ کەتوارێکی نوێمان بۆ بخاتە ڕوو و زیاتر لە ڕابردوو ئەو ڕاستییە بسەلمێنێ کە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بە بێژنگە دڕاوەکەی پێش بە تیشکی خۆر بگرێ؛ وەک چۆن لە ڕابردووشدا نەیدەتوانی.

پێش لە هەموو شتێک پێویستە ئەوە بزانین کە ئەو دوو هاووڵاتییە فەرانسەوییە کە کۆماری ئیسلامی ئیدیعا دەکات سیخوڕن و بۆ تێکدان هاتوونەتە ئێران کێن؟

سیسیل کوهلێر و ژاک کوهلێر دوو ئەندامی فێدراسیۆنی پەروەردە و فەرهەنگی سەندیکای هێزی کاری فەڕانسەن کە ئەم دامەزراوە ئەندامی فەرمی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کارن؛ ڕێکخراوێک کە ئێرانیش تێیدا ئەندامە!

 تەنیا تاوانی ئەم دوو کەسەش ئەوە بووە کە لەگەڵ بەشێک لە چالاکانی سینفی مامۆستایان لە ئێران پێوەندی کارییان هەبووە؛ جیا لەوە ئەگەر ئەم ئیدیعای ئیتلاعات ڕاست و بێ گرێوگۆڵ بێ دەبوو ئێستە حیسابی بانکی ئەوان لێوڕێژ ببوایەت لە پارە و ئەوان لە بەرامبەر ئەم ئاژاوەگێڕییەی کە خراوەتە پاڵیان دەبوو ئێستە لە گوزەرانێکیباشدا ببوایەتن! ئەی کەواتە خێرە کە وەک کەسوکاریان دەڵێن قەرزدارن و بۆ دانەوەی قەرزەکانیان ناچار بوون جیا لە پیشەی مامۆستایەتی پیشەی دووهەم و سێهەمیش لە ئەستۆ بگرن؟

کەواتە بەپێچەوانەی ئیدیعای بەرپرسانی وەزارەتی ئیتلاعات و میدیاکانی سەر بەم وەزارەتە ئەوان نەک سیخور نەبوون بەڵکوو وەک گەشتیار و توریست سەردانی ئێرانیان کردووە بەڵام ئەوەیکە بۆچی لەم کاتوساتەدا هەواڵێکی لەم چەشنە بڵاو دەکرێتەوە بۆخۆی جێگەی تێڕامانە کە دەتوانین بڵیین هۆکارە سەرەکییەکەی بۆ ئەو سیاسەتە سواوەی ڕێژیم دەگەڕێتەوە کە هەر چەشنە جموجۆڵێکی ئێعترازی لە ناوخۆ گرێ دەداتەوە بە "دژمنێکی خەیاڵی" و بەردەوام لە زوڕنا دەدات کە ئەوە دژمنانمان دەستێوەردان لە کاروبارمان دەکەن. ئامانجی ریژیم لەم کارەش لەڕاستیدا دوو پرسی سەرەکییە: یەکەم بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی لە پێوەندی لەگەڵ جەوهەری ئێعتراز و خواست و داواکارییەکان؛ واتە ئەو دەیهەوێ بە خەڵک بڵێ ئەوەیکە دێتە سەر شەقام جا لە هەر چین و توێژێک بێت، دارەدەست و عامڵی بێگانەیە؛ بەمەش هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە کە پشتیوانی جڤاکی بۆ درووست نەبێت و بەم شێوازەش بەستێن و بوار خۆش بکات بۆ سەرکوتی ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە و ئێعتراز و ناڕەزایەتییەکان بەو جۆرەی کە دەیهەوێ و مەبەستیەتی بنبڕ بکات.

پرسی دووهەمیش دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵێکی هەلپەرستانەی ڕێژیم لە چوارچێوەی هەندێ مامەڵەی بازرگانی؛ بەو واتایە کە کۆماری ئیسلامی بە گرتنی هاووڵاتییانی بیانی و دانەپاڵی تۆمەتی سیخوڕی و دروست کردنی گوشار بۆسەر بنەماڵەی گیراوان و دەوڵەتەکانیان وەک بارمتە کەڵکاوەژوویان لێوەردەگرێ و پاش سەپاندنی حوکمی قورس و ناڕەوا و بە وەرگرتنی پارەی کەڵان ئازادیان دەکات و بە کورتی کاسپییان پێوە دەکات؛ ئەمە فێڵێکی شەرمێونانەیە کە خودی بەرپرسانی سپاش درکاندوویانە و تا ئێستەش تێیدا سەرکەوتوو بوون. بەڵام ئەوەیکە تا ئێستە دەرکەوتووە لانیکەم خەڵکی خاوەن ویژدان و هزر لە ئێراندا باوەڕ بەم درۆ و دەلەسانە ناکەن و وەک لە کۆنەوە وتراوە پاش توانەوەی بەفر ڕووی رەش تەنیا بۆ خەڵووز دەمێنێتەوە . بەکورتی و لە کۆتاییدا دەتوانین پێمل بەو کەتوارە بین کە ئەگەر لە ئێستەدا کە کۆماری ئیسلامی سەرقاڵی سازکردنی پەروەندە بۆ چالاکانی سینفیی مامۆستایانە، ئەو مامۆستایانە کە منداڵانی ئەم نیشتمانەیان بە وانەی سەربەرزانەژیان بار دەهێنا، هەم مامۆستایان و هەم قوتابیان و بنەماڵەکانیان و بەگشتی خەڵک بەتایبەت لە کوردستان نەیێنە سەر هێڵ و پاڵپشتی و پشتیوانییان لێ نەکەن ئەوا بەدڵنیاییەوە داهاتوویەکی مەترسیدار بەرەوڕوویان دەبێتەوە؛ کەواتە هەم بۆ ڕزگارکردنی گیانی ئەوان و هەم بۆ سەلماندنی ڕەوایی و ڕاستبوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و هەمیش بۆ شکستهێنان بە سیاسەتە کۆلۆنیالییەکانی تاران پێویستە و تەنانەت ئەرکە لەسەر شانی هەمووان کە ببنە دەنگی ستەملێکراوانی دەسبەسەرکراو، مامۆستایان ئیسکەندەر لوتفی، مەسعود نیکخا، شەعبان محەممەدی و ڕەسوڵ بوداغی.