کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێکاری لە لوڕستان؛ ساڵانە ١٢ هەزار کەس لەو پارێزگایە کۆچ دەکەن

18:09 - 21 سەرماوەز 2721

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەز، "حامید وەیسکەرەمی" سەرۆکی ناوەندی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی "خومەینی" لە پارێزگای لوڕستان وتی، بەپێی دوایین سەرژمێریی حەشیمەتی ئێران ئەو پارێزگایە زۆرترین ڕێژەی بێکاری لە ئێرانی هەیە.

"وەیسکەرەمی" وتوویەتی، ساڵانە دوازدە هەزار کەس لە هاووڵاتییان لە لوڕستان بەهۆی بێکاری کۆچ دەکەن و لە ناوچە پەراوێزنشینەکانی شارەکاندا نیشتەجێ دەبن.

ناوبراو زیادی کردووە، کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پێشوو بووەتە هۆی ئەوەیکە لوڕستان لە بواری کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەگەڵ قەیران بەرەوڕوو بێت.

"وەیسکەرەمی" باسی لەوەش کردووە کە پارێزگای لوڕستان پێنج هەزار شوێنی گەشتیاریی هەیە و یەکێک لە پارێزگا گرینگەکانە لە بواری سەرچاوەی ئاوەوە، بەڵام ٣٠٠ هەزار هاووڵاتیی بێکاری لێیە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە "حوجەت عەبدولمەلەکی" وەزیری کاری ڕێژیمی ئێران لە چەواشەکارییەکدا وتبووی، ساڵانە لە لوڕستان چوار هەزار هەلی کار دەڕەخسێنن.