کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێکاری لە پارێزگای ورمێ گەیشتووەتە ١٢.١ لەسەد

13:28 - 24 خەرمانان 2720

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران لەدوای هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ئێران، لە پارێزگای ورمێ کێشەی بێکاری زیاتر داوێنی خەڵکی گرتووەتەوە.

بەڕێوەبەری تەعاون، کار و خۆشبژێویی پارێزگای ورمێ بە ئاماژەدان بە تەشەنەسەندنی کۆرۆنا لە ئێران باسی لەوە کردووە، نرخی بێکاری لەو پارێزگایە گەیشتووەتە ١٢.١ لەسەد.

هەروەها ئەو بەرپرسەی ڕێژیم نرخی بێکاری لەنێو خوێندکارانی ١٨.٥ لەسەد ڕاگەیاندووە و ڕێژەی ئەو کەسانەش کە بۆ بیمەی بێکاری ناونووسیان کردووە، ٢٥ هەزار کەس بوونە.

 ئاماری ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە پێشتر جێگری سەرکۆماریی ڕێژیم باسی لەوە کردبوو، سەرەڕای بوونی گەمارۆ و گوشارە ئابوورییەکان ڕێژەی بێکاریمان لە پارێزگای ورمێ دابەزاندووە و هەلی کارمان دوو بەرابەر بەرز کردووەتەوە.