کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێکاری لە چەند پارێزگای کوردستان و ئێران گەیشتووەتە قەیران

12:21 - 8 بەفرانبار 2721

"حوسێن مودەڕێسی" پارێزگاری پارێزگای سیستان و بەلووچستان وتوویەتی، بەهۆی نەبوونی کار لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، ئەو پارێزگایە زۆرترین نرخی بێکاری لە ئاستی ئێراندا هەیە.

هەروەها باسی لەوە کردووە ئەو پارێزگایە کەمترین نرخی لە بواری ئاسانکاریی بانکی هەیە و بە ٥٨ لەسەد، ئەو ڕێژەیە لە نێونجیی ئێران کەمترە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، بەپێی وتەکانی بەڕێوەبەری گشتیی تەعاون، کار و خۆشبژیوی کۆمەڵایەتیی ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ، لە ئێستادا ١٤٤ هەزار خوێندەواری بێکار لەو پارێزگایەدا بوونی هەیە.

سەرەڕای ئەوەیکە پارێزگای ورمێ دەفرایەتییەکی باشی لە بواری ڕەخساندنی هەلی کار هەیە بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی پەیوەندیدار بێکاری لە  پارێزگای ورمێ گەیشتووەته قەیران.

زۆربەی یەکە بەرهەمهێنەرەکان لەو پارێزگایە بەهۆی قەرزی بانکی داخراون و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە بەشێکی زۆری لە کرێکاران بێکار بن.

هەروەها "حوجەتوڵڵا عەبدولمەلەکی" وەزیری تەعاون، کار و خۆشبژیوی کۆمەڵایەتیی ڕێژیم ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٧ی بەفرانبار ڕایگەیاندووە ١٤ ملیۆن کەس لە ئێراندا کاری شیاویان نییە، بەوهۆیەوە ٢ و نیو ملیۆن کەس بێکاری ڕەها لە ئێراندا بوونی هەیە.