کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێکاری لە ئێران ڕووی لە زیادبوونە

12:16 - 10 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەر دروستکردنی هەلی کار دۆشداماوە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی ڕێژیمی ئێران، بازاڕی کار لە ئێراندا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتربوون دەڕوات و لە مانگەکانی ڕابردوودا بەردەوام هەلی کار لە دەستچووە و ئاماری بێکاران زۆر لە ڕێژەی ئاسایی خۆی بەرزتر بووەتەوە.

بەشی زۆری بێکاران ئەو لاوانەن خوێندنی باڵایان تەواو کردووە و دەرچووی زانکۆکانن، کە ساڵانە زیاتر لە یەک میلیۆن کەس بە بازاڕی کار زیاد دەبێت.

لە دوای دەسپێکردنی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران و بەهۆی خراپی دۆخی ئابوورییەوە  کۆمپانیا و شیرکەتەکانی ئێران بەشێوەیەکی بەردەوام ڕوو لە داخرانن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتر بوونی ڕێژەی بێکاران.

لە ئێستەدا زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس کە خوێندنیان لە پلەی دوکتۆرادا تەواو کردووە بێکارن و وەزیری کاری ڕێژیم پێش دەسپێکردنی دەوری دووهەمی گەمارۆکان ڕایگەیاندبوو، کە ئەگەری ئەوە هەیە لە دوای دەسپێکردنی گەمارۆکان زیاتر لە ١ میلیۆن کەس کارەکانیان لە دەست بدەن.

ڕێژیمی ئێران بۆ کەمکردنەوەی بێکاری دەبێت ساڵانە بە لانیکەم بە ڕێژەی ٠\٨ هەلی کار دروست بکات و ڕێژەی خاوەن کارەکان بە ٩٥٠هەزار کەس لە ساڵێکدا بگەیێنێت، کە ئەمەش بە ڕەچاوکردنی دۆخی ئابووریی ڕێژیم و بە هەدەردانی سامانەکانی وڵات و لە پێناو پەرەدان و پشتیوانی کردن لە تیرۆر لە ناوچەکەدا بە کارێکی دژوار و ئەستەم دەبینرێت.