کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێکاری لە ئێراندا لە سنووری ۷۰ لەسەد تێپەڕی

12:51 - 21 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژی بێکاری لە وڵاتی ئێراندا، لە سنووری ۷۰ لەسەد تێپەڕی و بەم هۆکارەشەوە ڕێژەی هەژاری لەو وڵاتەدا زیادی کردووە.

سەرەڕای ئەوەی کە ئێران لە بواری سەرچاوە سروشتییەکان و بەتایبەتی بەرهەمهێنانی سووتەمەنییەوە وڵاتێکی دەستکردی دەوڵەمەند و پڕبەهرەیە، بە یەکێک لەو وڵاتانە ئەژمار دەکرێت کە ساڵانە ئاماری بێکاری بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و لە بواری دابینکردنی هەلی کارەوە، لە ئاستی وڵاتانی جیهاندا لە پلەیەکی زۆر نزمدایە و لەم پەیوەندییەشدا، لە ساڵی نوێی هەتاوی (ساڵی ۹۸)، ڕێژەی بێکاری لە وڵاتی ئێراندا لە سنووری ۷۰ لەسەد تێپەڕیوە.

لە ئامارەکانی ساڵانەدا کە لەسەر ڕێژەی بێکاری لە ئێراندا تۆمار و بڵاو دەکرێنەوە، کرێکارانی بیناسازی زۆرترین ڕێژەی بێکاری تۆمار دەکەن، کە هۆکارە سەرەکییەکەی بۆ گرانبوونی کەرەستە و کەلوپەلی خانووسازی، بە هۆی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران و قەیرانە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتە و بەتایبەتی قەیرانی دارایی ڕێژیم دەگەڕێتەوە.

لەم پەیوەندییە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا، "هادی ساداتی"، جێگری کانوونی کرێکارانی خانووسازیی ئێران ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی نوێی هەتاویدا، ڕێژەی بێکاریی کرێکارانی بیناسازی لە سەرانسەری ئێراندا، گەیشتووەتە ۶۰ لەسەد و هۆکارەکەشی بۆ گرانبوونی کەرەستە و کەلوپەلی خانووسازی دەگەڕێنێتەوە.

لە ئێستادا لە ئێراندا، بێکاری بووەتە دیارەیەکی مەترسیدار، کە سەرچاوەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی تری کۆمەڵگا و بەتایبەتی دیاردەگەلێکی وەکوو: هەژاری، برسیەتی، چوونە سەرەوەی ئاماری منداڵانی کار بۆ بژێوی ژیانی بنەماڵەکانیان، چوونە سەرەوەی ڕێژەی تەڵاق و هەڵوەشاندنەوە ژیانی هاوبەش، قاچاخی مادە هۆشبەرەکان و هتد، بەرۆکی وڵاتی ئێرانیان گرتووەتەوە.

وێڕای ئەوەی کە ناوەندە پەیوەندییدارەکانی ڕێژیمی ئێران، هیچکات لە هیچ بوارێکەوە و بەتایبەتی بواری ئامار، ڕێژەیەکی دروست و زانیارییەکی ڕێکوپێک بڵاو ناکەنەوە، هەواڵدەرییەکانی دەرەوەی ئێران، بە شێوەی نافەرمی، ڕێژەی بێکارییان لەو وڵاتە و لە سەرجەم بوارەکاندا، زیاتر لە ۷۰ لەسەدیان ڕاگەیاندووە، کە بەپێی ئەو ئامارە نافەرمییە، ئەگەری زاڵبوونی برسیەتی بە سەر هەموو کۆمەڵگای ئێراندا ڕووی لە زیادبوون کردووە.