کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێکاری و گرانی لە ئێراندا هەروا هەڵدەکشێت

13:16 - 27 گەلاوێژ 2720

بەهۆی دۆخی شپرزی ئابووریی ئێران، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ نرخی بێکاری و گرانی بەرز دەبێتەوە و ئەمە تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم سەرەڕای هۆشداریی خۆیان بەم دۆخە نالەبارە، هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەرەیی ئەم دۆخه هەڵناگرن.

بەرپرسی دامەزراوەی توێژینەوەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی ئێران وتوویەتی، بەپێی  ڕاپۆرتی ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیس، لە کاتی تەشنەسەندنی کۆرۆناوە لە باشترین حاڵەتدا ٢.٩ ملیۆن کەس و لە خراپترین حاڵەتدا ٦.٤ ملیۆن کەس بێکار دەبن.

''ڕووزبە کۆردوونی'' لە پرێس کۆنفڕانسێکدا باسی لەوە کردووە، بەپێی ڕاپۆرتی جێگری ئابووریی وەزارەتی ڕفاهـ، ئەو کار و کاسپییانەی کە بەهۆی کۆرۆناوە زیانیان پێگەیشتووە زیاتر لە ٤.٨ ملیۆن پیشەیە.

ئەو ڕێژەیە ٢٠.٣ لەسەد لە کۆی گشتیی کار و پیشەکانه.

هەروەها، ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە، سفرەی خەڵک ساڵی ٩٨ زیاتر لە ٥ لەسەد بچووکتر بووەتەوە.

''جەواد حوسێن زادگان'' بەرپرسی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، لە ساڵی ٩٨ مەسرەفی بنەماڵەکان بە نرخێکی نەگۆڕی نەرێنی ۵/۴ لەسەد بووە.

ناوبراو لەم ڕاپۆرتەدا باسی لەوە کرد کە نرخی بێکاری حەشیمەتی سەرەوەی ١٥ ساڵ نیسبەت بە ساڵی ١٣٩٧ بە ڕادەی ۱/۵ لەسەد دابەزیوە.

لە ئێستادا گرانیی خۆراک لە کوردستان و ئێران باڵی بەسەر بازاڕەکاندا کێشاوە و نرخی خواردمەنییەکان لە بازاڕدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرز دەبێتەوە بەڵام ڕێژیمی ئێران هیچ هەنگاوێکی بۆ کۆنترۆڵی نرخی کەلوپەلەکان نییە.