کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی ڕۆژی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ، ڕێپێوانێک بۆ پشتیوانی لە بەندکراوانی سیاسی لە ئاڵمان بەڕێوە چوو

22:23 - 21 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ڕۆژی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ ڕێپێوانێک بۆ پشتیوانی لە بەندکراوانی سیاسی لە ئاڵمان بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی ڕیکەوتی ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ، لە شەقامەکانی شاری هامبۆرگ ڕێپێوانێک لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بەڕێوە چوو.

ئەو ڕێپێوانە بە دەستپێشخەریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئاڵمانی بۆ پشتیوانی لە خەباتی گەلانی ئێران و هاوکاریی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان بەڕێوە چوو.

ڕێپێوانەکە لەبەردەم نووسینگەی سەرەکیی ڕۆژنامەی شپیگێل بە لێدانی دەف لە لایەن چەند گەنجێکی ئاڵمانی و گوتنەوەی دروشم بۆ پشتیوانی لە ئازادکردنی بەندکراوانی سیاسی ئیران بە دوو زمانی ئاڵمانی و فارسی دەستی پێکرد و پاش تێپەڕین بەسەر چەند شەقامی شاری هامبورگ، لەسەر شەقامی بەناوبانگی کارلشتاد کۆبوونەوە و بۆ چەند کاتژمێر درێژەیان بە خۆپیشاندانەکە دا.

لە ماوەی ڕێپێوانەکەشدا ڕەشنووسێکی تایبەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کە بە زمانی ئاڵمانی ئامادە کرابوو، درایە دەستی هاووڵاتیانی ئاڵمانی.