کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، سێمنیارێک بەڕێوە چوو

18:01 - 20 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: بە نیشانەی ڕێزدانان بۆ خەبات و فیداکاریی پێشمەرگە، سێمینارێکی تایبەت بۆ ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، بە بەشداریی ئەندامانی ڕێبەرایەتیی حیزب و کادر و پێشمەرگەکان لە بنکەی سەرەکیی حیزب بەڕێوە چوو.  

پێشنیوەڕی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی سەرماوەز، سێمینارێکی تایبەت بە ڕۆژی پیشمەرگەی کوردستان لە دوو پەنێلی جیاوازدا بەڕێوەچوو.

سەرەتای سێمینارەکە بە ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

لە پەنێلی یەکەمدا، "کاوە بەهرامی"، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگە، لە ژێر ناونیشانی، "ئاوڕدانەوەیەک لە ٤٠ ساڵ تێکۆشانی هێزی پێشمەرگە" باسی لە قارەمانەتیی پیشمەرگە کرد کە بە کەمترین ئیمکاکانی بەر دەستەوە چەندین جار دوژمنی تووشی شکستی گەورە کردووە.

بەهرامی لە قسەکانیدا وێڕای ئاماژە بە قۆناغە جیاوازەکانی خەبات، قۆناغی نوێی خەباتی حیزبی بە وڵامێک بۆ ئەو کەسانە ناو برد کە باسیان لە نەمانی حیزبی دێموکرات دەکرد و وتی: "هێزی پیشمەرگەی کوردستان هێزێک نییە کە بە چۆکدا بێت".

لە پەنێلی دووهەمدا، "غالب حەبیبی"، کادر سیاسیی دەزگای فەرماندەیی هیزی پێشمەرگە لە ژێر ناوی" پێشمەرگە هیوای نەتەوەیەک"، باسی لەوە کرد کە ڕاسان لە قۆناغی پێناسەوە تێپەڕ بووە و ئێستا کاتی ئەوەیە کە کارکەردی پێشمەرگە پێناسە بکرێت.

حەبیبی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لە کارکەردی ڕاسان کرد و هاتنەگۆڕی چالاکیگەلێک لە بواری مافی ژنان، ژینگەپارێزی، مافی منداڵان، زمانی کوردی، کاروباری سیاسی و گرێدانی خەباتی شار و شاخی بەو هۆیەوە زانی.

ناوبراو لە قسەکانیدا وتی: "کارکەردی سەرەکیی پێشمەرگە ئەوەیە کە دەبێ مەودا و بەستێنێک درووست بکات کە هەموو حیزب و بیرێک بتوانێ چالاکی بکات بەڵام نە بەو مانایە کە لە بیروبۆچوونی سیاسی داینماڵێت."

بڕگەی کۆتایی سێمینارەکە بە پرسیار و تێبینییەکانی بەشداربووان و وڵامی کۆڕگێڕەکان کۆتایی پێهات.