کوردستان میدیا: ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە درێژەی کار و چالاکییەکانیاندا، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، سیهەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، لە چەندین شاری کوردستاندا، تراکت و پۆستێریان بڵاو کردەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شەوی ١٢ لەسەر ١٣ی پووشپەڕ، ئەندامان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات، لە چەندین شوێنی بەرچاوی شاری میاندواو، بە بۆنەی سیهەمین ساڵیادی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، تراکت و پۆستێریان بڵاو کردەوە.
ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری میاندواو، لە شوێنەکانی وەک: "فەلەکەی عاشوورا، کەمەربەندیی شار، شەقامی باکری، هیلالی ئەحمەر، فەلەکەی سەربازی گومنام، کۆی بەشیرخان کەندی، فەلەکەی گوێکتەپەی حەجەمان، کارگەی ماشینئالاتی میاندواو، کوشتارگەی سیمین باڵ و پۆلیسڕای میاندواو"، زیاتر لە ٢٠٠ تراکت و وێنەی دوکتور قاسملوویان بڵاو کردووتەوە.
هەروەها چاونەترسانی دێموکرات، لە وروودی و خرووجیی شارەکانی بۆکان، سەقز و میاندواو، تراکت و پۆستێری تایبەت بەو ڕۆژەیان بڵاو کردەوە.
هاوکات، تێکۆشەرانی دێموکرات لە ناوچەی شاروێرانی سەر بە شاری مەهاباد، به بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تێرۆرکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، لە شاخی سەوزە پۆش، ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان هەڵکرد و هەروەها لە گوندەکانی ''قەرەقشلاق'' و ''گرد یاقووب''، بە بڵاوکرنەوەی تراکت و پۆستێر، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
هەروەها، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، به بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕەوە، لە گەڕەکی ''غەفوور'' و ''شارەکی زاگرۆسـ''ـی شاری سنە، تراکت و پۆستێری تایبەت بەم ڕۆژەیان بڵاو کردەوە.