کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، چالاکیی بەرینی تەبلیغی بەڕێوە چوو

12:59 - 21 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، به بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، بە شێوەی جۆراجۆر، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی پووشپەڕ، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و ئێراندا، بە بۆنەی سیهەمین ساڵیادی تێرۆرکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لە شاری سەقز، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ڕۆڵەکانی دێموکرات لە شوێنەکانی وەک: "پشت قەند و شەکر، تەپەی حاجی ئاوا، شافێعی، ڕوودەکی، سیلۆ و سی و دوو میتری"، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هاوکات قارەمانانی دێموکرات لە شاری سنە، لە شوێنەکانی: "مەیدانی ئیقباڵ، شیرکەتی دوخانییات، مەیدانی سنە دژ، شاخی ئاویەر، ئیدارەی تەئمینی ئیجتماعی، ئیدارەی وەرزش و جەوانان، زانکۆی علوومی پزشکی، سەداوسیما و ڕووبەرووی پادگانی سپای بیتولموقەدەسی ڕێژیم"، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی دوکتور قاسموو، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەروەها ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە گوندی تەنگیسەر، سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، بە شێوەیەکی بە شکۆ، یادی ڕێبەری ناوداری گەلی کوردیان بەرز ڕاگرت و پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهید قاسملوو نوێ کردەوە.

تێکۆشەرانی دێموکرات، شەوی ٢٠ لەسەر ٢١ی پووشپەڕ، لە جاددەی "مێرگەوار" لە نییەر و هەروەها نێو گوندی نییەر، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد. تێکۆشەرانی دێموکرات، ئاڵای پیرۆزی کوردستان  و ئاڵای شینیان لە لای قەڵا، لەسەر دار چنارێک هەڵ کردووە.

هاوکات لە جاددەی مێرگەوار، کە خەڵک بۆ سیاحەت سەردانی ئەو شوێنە دەکەن، تێکۆشەرانی دێموکرات وێنەی دوکتور قاسملوویان لە ماشین دابوو و بە نێو خەڵکدا دەسووڕانەوە.

هەروەها قارەمانانی دێموکرات لە شاری بۆکان، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی بەرینی تەبلیغی، یادی دوکتور قاسملوویان بەرز ڕاگرت و تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد.

هەر بەم بۆنەوە، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شارۆچکەی "دزەی مەڕگەوەر"، سەر بە شاری ورمێ، بە شێوەیەکی بەربڵاو، تراکت و پۆستێری تایبەت بەم ڕۆژەیان بڵاو کردەوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری "ئیسفەهانـ"ـی ئێران، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ئاڵای کوردستانیان لە مەیدانی "نەقشی جیهان ـ"ـی ئەو شارە هەڵ کرد و ئەو کردەوە تێرۆریستییەی ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد.