کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بیانووی ٢٥ی نۆڤامبرەوە

16:11 - 4 سەرماوەز 2719

ئاسۆ مێنبەری

ئەمڕۆ ڕۆژی ٢٥ی نۆڤامبر، واتە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژی دژ بە ئافرەتانە.

ڕۆژێک کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بەرز ڕادەگیردرێت و بەم بۆنەیەوە کۆڕ و کۆبوونەوە و سێمینار ڕێک دەخرێت تاکوو سەرەڕای فێرکاری و ئاگایی بەخشین بە توێژەکانی کۆمەڵگە و بەتایبەت ژنان، پێناسەیەکی دروست لە جۆرەکانی توندوتیژی بەرانبەر بەم توێژەی کۆمەڵگە بێتە ئاراوە.

توندوتیژی دژ بە ژنان، چەمکێکە کە بۆ پێناسەی کردەوەگەلێکی هەڕەشەئامێز دژ بە ژنان بەکار دێت.

کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، توندوتیژی دژ بە ژنانی بەم شێوەیە پێناسە کردووە: "هەرجۆرە کردەوەیەکی هەڕەشەئامێز کە بەپێی ڕەگەزی بەرانبەر ئەنجام بدرێت و و بتوانێت خەساری فیزیکی، جنسی یان دەروونی بە ژنان بگەیەنێت."

بەپێی ئەم پێناسەیە، هەرجۆرە هەڕەشەکردن، ناچارکردنی زۆرەملێ بە ئەنجامدانی کارێک یان زەوتکردنی ئازادی چ لە کۆمەڵدا و چ لە ژیانی تاکەکەسیدا، بە جۆرێک لە توندوتیژییەکان بەئەژمار دێن.

جۆرەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان

توندوتیژیی جنسی، توندوتیژیی کەلامی (لە ڕێگای قسەکردنەوە)، دەستدرێژی، لەشفرۆشیی زۆرەملێ، دووگیانبوونی زۆرەملێ، خەتەنەی کچان، کڕین و فرۆشتنی ژنان و کچان، توندوتیژی دژ بە ژنانی کارمەند و کرێکارانی ژن، توندوتیژییەکانی ئاکامی شەڕ، توندوتیژی لە زینداندا، دەستدرێژییە سیستماتیکەکان، توندوتیژیی ئاکاری، توندوتیژیی سیاسی و بە دەیان جۆری دیکە.

توندوتیژی بە هەموو لایەنەکانیەوە تەنیا لە یەک جۆردا کورت ناکرێتەوە، بەڵکوو جۆرگەلێکی وەک: توندوتیژیی فەرهەنگی، مەعنەوی، جنسی، ساختاری و تەنانەت بنەماڵەییش لەخۆ دەگرێت کە ئێستاکە بووەتە دیاردەیەکی بەرچاو.

توندوتیژییەکان یان ئاشکران یان شاراوە؛ ئاسەواری توندوتیژییە ئاشکراکان بە ڕوونی دیارە بەڵام لە بەرانبەردا، توندوتیژیگەلێک هەن کە ئاسەوارەکانیان بە چاو نابیندرێت بەڵام بەرگەگرتن لەبەرانبەریاندا زۆر دژوارە و ئاسەوارگەلێکی دەروونیی قەرەبوونەکراو لەسەر ژیانی ژنان بەجێ دەهێڵن، وەکوو گرینگی نەدان بە خواستەکانی ژن، نیگای پیاوان، هاوسەرگیریی دووبارە و چەندبارە، ڕەخنەگرتنی بەردەوام، جیاکردنەوەی دایک لە منداڵ، هاوارکردن بەسەر ژندا، ناچارکردنی ژن بە بەجێهێشتنی ماڵ و بە دەیان جۆری دیکە.

توندوتیژی ڕیشەی لە کۆمەڵدایە و بە ئامانجگەلی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ئەنجام دەدرێت و لایەنی جەستەیی، جنسی و دەروونیشی هەیە.

بیری پیاوسالارانە، ناوزەدکردنی ژنان وەکوو ڕەگەزی دووهەم  و لە هەمان کاتدا لاواز لە بواری ڕەگەز و توانایی فیزیکییەوە، ناوزەدکردنی پیاو وەکوو تەنیا دابینکەری ئابووریی بنەماڵە و بە دەیان بابەتی دیکە، لەو هۆکارانەن کە ژنان لە ناوەڕۆکی ژیانی کۆمەڵایەتی و چالاکی لە بواری کۆمەڵگە، کارکردن و تەنانەت درێژەدان بە خوێندنیش دەسڕنەوە و بە خانەنشینکردنیان ئازادییان لێ زەوت دەکەن.

هۆکاری سەرەکیی شاراوە مانەوەی توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان، دەتوانێت زاڵبوونی بیری پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا بێت چونکە ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە لە کۆمەڵدا جێگیر دەکات کە ژن دەبێ بە جلی سپییەوە بچێتە ماڵی مێردەکەی و بە جلی سپی واتە کەفەنەوە بێتە دەرەوە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان تەنیا ٣٥ لەسەدی توندوتیژییە بنەماڵەییەکان بە پۆلیس ڕادەگەیەندرێت و لە زۆربەی کۆمەڵگاکان و بەپێی زۆربەی فەرهەنگە زاڵەکان بەسەر کۆمەڵگەدا، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر توندوتیژییەکان دژ بە ژنان، شاردنەوەی توندوتیژییەکانیش لەلایەن ژنانەوە وەکوو کارێکی باش لەقەڵەم دەدرێت.

لە لایەکی دیکەشەوە لە یاساکانی ئێراندا هیچ ماددە یاساییەک بە ناوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژییە بنەماڵەییەکان، دیاری نەکراوە و هیچ یاسا و سزایەک بۆ بەدواداچوونی ئەم جۆرە تاوانانە نییە.

هەر بۆیە زۆربەی ئەو ژنانەی کە لە ئێراندا، تووشی لێدان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە دەبن تەنیا دەتوانن سەردانی پزیشکی دادوەری بکەن کە زۆربەی کاتەکانیش بەهۆی پیاوانە بوونی یاساکانی ئێران، خودی ژن بە تاوانباری سەرەکی دەناسرێت و پرسی "تەمکین" دێتە گۆڕێ و پیاو بە بیانووی تەمکین نەکردنی ژن، دەبێتە براوەی پرسەکە و ژنیش وەک هەمیشە قوربانیی سەرەکیی ڕووداوەکەیە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە پێچەوانەی بەرزبوونەوەی چاوەڕوانییەکان کە بەنیسبەت گەشەی زانست و چوونەسەرەوەی ئاستی خوێندەواری و جیهانبینی هاتووەتە ئاراوە، دەبینین کە توندوتیژییەکان زیاتر لە جاران خۆیان دەنوێنن و بەداخەوە شێوازەکانیان توندتر و دڕندانەتر لە جۆرەکانی ڕابردوو ئەنجام دەدرێت.

ئاگرتێبەردانی ژنان، کوشتنیان بە ناوی نامووسەوە، لێدان و شکاندنی دەست و لاق، دەرکردنیان لە ماڵ و زەوتکردنی هەموو چەشنە مافێکی ژنان تەنیا نموونەگەلێک لەو توندوتیژییانەن.

زۆر جار ژنان بەهۆی زۆربوونی توندوتیژییەکان ئەگەر لە دەستی پیاوانی بنەماڵەشەوە ڕزگاریان بێت بەداخەوە تەنیا ڕیگەیەک جگە لە خۆکوژی لە ڕێگەی خۆسووتاندن و خۆهەڵواسین یان خواردنی دەرمانەوە نادۆزنەوە. بەڵام هۆکاری سەرەکی پەنا بردن بۆ مەرگ بۆچی دەگەڕێتەوە؟ بۆچی ژنان لەجیاتی بیرکردنەوە بە بەردەوامی لە ژیان، ڕێگای مەرگ و نەمان هەڵدەبژێرن؟

وڵامی ئەم پرسیارە زۆر ساکارە، چونکە کۆمەڵگە بە شێوەیەک ژنان قزاوەت دەکات کە خۆشیان بڕوا بە تاوانباربوونی خۆیان دەکەن و هەستی گونا‌ح وایان لێ دەکات کە باشترین سزا بۆ خۆیان بە مەرگ دەزانن.

بەگشتی یاساکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران یاساگەلێکی دژە ژن و پیاوسالارانەن، چونکە لە هەموو تاوانەکاندا تەنانەت ئەگەر هاوبەشیش بێت، ئەوە سزای دیاریکراو بۆ ژن زۆر زۆر قورستر لە پیاوانە وەک بڵێی ڕەگەزە باشەکە لای ئایین و شەریعەت و تەنانەت خوداش، پیاوە!

ئەڵبەت تەنیا کەرەستەی دەستی ڕێژیمی ئێران بۆ سەرکوتی ژنان یاساکان نین، بەڵکوو ئەم ڕێژیمە لە ڕێگەی میدیا و قوتابخانەکانەیشەوە بە فێرکردن و دووبارە کردنەوەی کلیشەکانی کۆمەڵگە، ڕۆڵی ژن لە چواردیوارییەکی تەنگ و تاریکدا و لە لای قاپ و خواردەمەنییەکانی نێو ئاشپەزخانە پێناسە دەکات و هەر چەشنە کارێکی دیکە بە مەرجی ئیجازەدانی پیاوان بۆ ژنان بە ڕەوا دەزانێت.

دیارە سەرکوتی یەک لە دوای یەکی نەسڵەکان وای کردووە کە بەداخەوە زۆربەی کاتەکان خودی دایکەکان ڕۆڵی سەرەکی لە سەرکوتی کچەکانیانیادا بگێڕن و ئازادی و مافی کچەکانیان بە عەیبە ناو ببەن، لە پەنای ئەوەشدا چاوەڕوانیی ئەوەیان دەبێت کە کچەکانیان وەکوو خۆیان ژیان بکەن و بەرەیەکی دەستەمۆ و دیل وەکوو خۆیان پەروەردە بکەن.

خەسارناسیی بابەتێک وەک زۆربوونەوەی توندوتژییەکان جیا لەوەی کە کاتێکی زۆری پێویستە، باسێکی لێزانییە و دەبێ کەسانێکی پسپۆڕ لە بوارگەلی جیاوازەوە بەدواداچوونی بۆ بکەن تاکوو ڕێگەچارەیەکی باش بۆ بنبڕکردن یان لانیکەم کەمکردنەوەی ئەم ئازارانە دیاری بکرێت بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە تاک دەبێ لەگەڵ کۆمەڵێک یاسا، کۆمەڵێک دابونەریت و کۆمەڵێک عورفی هەڵە کە کۆمەڵگەیان تەنیوە شەڕ بکات، ژیان مافی هەموو تاکێکە و هیچ کەسێک بۆی نییە بڕیار بۆ ژیان، ئامانجەکان و داهاتووی کەسێکی دیکە بدات.

بەو هیوایە کە ژنان و بەتایبەت ژنانی کوردیش بتوانن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆیان تێبکۆشن و ژیانێکی بەدوور لە توندوتیژی و هەڵاواردنیان هەبێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.