کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دوو منداڵ کوژران

12:00 - 17 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بە هۆی دەسڕێژیی هێزە بەناو ئینتزامییەکانی ڕێژیم بە سەر ماشینێک لە شارستانی "کەمیجانـ"ـدا، دوو منداڵ کوژران.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی جۆزەردان، بە هۆی ڕاودوونانی ماشینی دزێک لە شارستانی کەمیجانی پارێزگای "ئەراکـ"ـی ئێراندا، دوو منداڵ لە نێو ئەو ماشینەدا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان کوژران.

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرماندەیی بەناو ئینتزامیی ڕێژیم، پاش دزینی سیمی کارەبا لە یەکێک لە گوندەکانی شارستانی "فەراهان" و هەڵهاتنی دزەکان، مەئموورەکانیان بە دوای دزەکان کەوتوون و لەم ڕاودوونانەدا، دوو منداڵ کە لە نێو ماشینی دزەکاندا بوونە، گولـلەیان بەرکەوتووە و گیانیان لەدەست داوە.

لە ئێراندا، لەبەر ڕەوشی خراپی ئابووری و هەژاری، دزین بەگشتی و دزینی سیمی کارەبا بەتایبەتی زیاتر بووە.

بە هۆی نەبوونی دەرەتانی کار، خەڵکی ئێران لە گوشارێکی ئابووریی لەڕادەبەدەردان و ئەمە وای کردووە، کە کەسانێک گیانیان بخەنە مەترسییەوە و دەست بدەنە کارێکی مەترسیداری وەک دزینی سیمی کارەبا.

هەر لەم پەیوەندییەدا، لە ماوەی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی خەڵکی یەکێک لە شارستانەکانی پارێزگای کرماشان، لە کاتی دزینی سیمی کارەبادا، تووشی کارەباگرتوویی بوو و گیانی لەدەست دا.