کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە خۆڕێکخستنەوەمان ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین

12:58 - 9 رەزبەر 2720

کۆنفڕانسی کۆمیتەکانی ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکرات بە دروشمی "بە خۆڕێکخستنەوەمان ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین" لە کۆیە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی، کۆنفڕانسی کۆمیتەکانی ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکرات بە دروشمی "بە خۆڕێکخستنەوەمان ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین" لە کۆمیتەی زاگرۆس، بە ئامادەبوونی "محەممەدنەزیف قادری" جێگری دووەمی لێپرسراوی گشتی، "تاهیر مەحموودی" بەرپرسی دەزگای ڕێکخستن، "سەلیم زەنجیری" بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن و هەروەها ئەندامانی ئەو کۆمیتەیە لە کۆیە بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆنفڕانسەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. دواتر لەلایەن بەڕێوەبەرانی دەزگای هەڵبژاردنەوە دەنگی مەشرووعییەت بۆ کۆنفڕانس وەرگیرا و دەستورکاری کۆنفڕانس بۆ بەشداران خوێندرایەوە. 

دواتر بە مەبەستی کردنەوەی کۆنفڕانس، داوا لە "محەممەدنەزیف قادری" جێگری دووەمی لێپرسراوی گشتی و بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکانی حیزبی دێموکرات کرا کە باسێک لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووریی ئێران و بەتایبەت کوردستان پێشکەشی بەشدارانی کۆنفڕانس بکات.

"قادری" لە وتەکانیدا باسی لە سێ تەوەری ئێران، کوردستان و حیزبی دێموکرات کرد و بەوردی ئاماژەی بە دۆخی نالەباری سیاسی و داڕمانی ئابووریی ئێران لەژێر سێبەری ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆر و دژی گەلییە و تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی کرد کە بە شێوەی سیستماتیک دەستێوەردان لە هەموو وڵاتانی ناوچە و ئاژاوەگێڕی دەنێتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە ئەو ڕێژیمە دۆخ و بژێویی ژیانی خەڵکی بۆ گرینگ نییە و بێجگە لە ئیدئۆلۆژیی "ولایەتی فەقیهـ"ـی خۆی و سەرکوت و زەبروزەنگ، گرینگی بە هیچ شتێکی دیکە نادات.

لە درێژەی ڕەوتی کۆنفڕانسەکەدا، "ویدا یاری" بەرپرسی پێشووی کۆمیتەی زاگرۆس ڕاپۆرتی کار و چالاکیی کۆمیتەی لەو ماوەیەی کاری کۆمیتەدا، پێشکەشی بەشدارانی کۆنفڕانس کرد.

دوای باسکردنی تێبینی و پرسیاری ئامادەبووانی کۆنفڕانس، بەڕێوەبەرانی دەزگای هەڵبژاردن بە کورتی ئاماژەیان بە گرینگیی هەڵبژاردن وەکوو جەوهەری دێموکراسی و نەهادینەبوونی ئەو چەمکە لە حیزبی دێموکراتدا کرد کە یەکێک لەو بنەمایانەی کە حیزبی دێموکرات لە سەری بینا کراوە، دێموکراسی و هەڵبژاردن بووە. هەروەها شرۆڤەی شێواز و مێکانیزمی هەڵبژاردنیان بۆ بەشداران کرد.

بڕگەی کۆتایی کاری کۆنفڕانسی کۆمیتەی زاگرۆس لەژێر ناوی" بە خۆڕێکخستنەوەمان، ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین" تەرخان کرا بە هەڵبژاردنی بەرپرس و بەڕێوەبەری نوێی کۆمیتە لە هەڵبژاردنێکی ئازاد، دێموکراتیک و نهێنیدا و بەم چەشنە کۆتایی بە کاری کۆنفڕانس هات.