کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە دڕۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق

12:01 - 16 خەزەڵوەر 2721

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی خەزەڵوەر، بە دڕۆنی بۆمبڕێژکراو ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق ''مستەفا ئەلکازمی'' کرایە ئامانج. ئەرتشی عێراق ئەم هێرشەی بە هەوڵێک بۆ تێرۆری ئەلکازمی ناودێر کردووە.

سەرەتا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرایەوە کە ''مستەفا ئەلکازمی'' بریندار بووە، بەڵام سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تویتێکدا تەندروستیی خۆی ڕاگەیاند و وتی: ''هێزە ئەمنی و نیزامییە قارەمانەکانتان بۆ سەقامگیری و پاراستنی عێراق کار دەکەن".

هەتا ئێستا هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیاریەتیی ئەم هێرشەیان بۆ سەر ماڵەکەی ئەلکازمی لە ناوچەی سەوزی بەغدا نەگرتووەتە ئەستۆ.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، لە کاتی هێرشەکە هیچ جۆرە سیستەمێكی دژەفڕین چالاک نەبووە و دڕۆنەکانیش بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان خراونەتە خوارەوە.

دوای ئەو هێرشە، ''نێد پرایس'' وتەبێژی وەزارەتی دەرەوی ئامریکا لە بەیاننامەیەکدا ئەو هێرشەی بە هەوڵێکی تێرۆیستی دژی عێراق ناو لێ برد.

هێرش بۆ سەر ماڵی ئەلکازمی لە کاتێکدایە کە ماوەی دوو ڕۆژە گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی عێراق خۆپیشاندان دەکەن و هەوڵ دەدەن بچنە نێو ناوچەی سەوزەوە.

مستەفا ئەلکازمی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە، بەڵام ئەوە یەکەمجار نییە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتەکانی ناوبراودا هێرشی دڕۆنی لە عێراق ئەنجام دەدرێت؛ گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ڕێژیمی ئێران پێشتر چەندین جار هێزە ئامریکاییەکانیان کردووەتە ئامانج.