کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە دڕۆنێکی بومبڕێژکراو هێرش کرایە سەر هەولێر

11:30 - 19 جۆزەردان 2722

شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ١٨ی جۆزەردان، کاتژمێر ٩ و ٣٥ خولەک، دڕۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە ڕێگەی پیرمام- هەولێر کەوتە خوارەوە و سێ هاووڵاتی بریندار بوون.

دژەتێرۆری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی جۆزەردان لەبارەی ئەو هێرشە بۆ سەر شاری هەولێر بڵاوی کردەوە: "کاتژمێر  ٩:٣٥ی ئەمشەو دڕۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی کێشا بەسەر ڕێگای پیرمام- هەولێر و لە ئاکامدا سێ هاووڵاتی بە سووکی بریندار بوون، هاوکات زیانی ماددی بە خواردنگەیەک و چەند ماشینێک کەوتووە".

لەمبارەوە د. "سامان بەرزنجی" وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "لەگەڵ یەکەمین ساتەکانی دەنگی بیستراوی ئەمشەو، ژمارەیەکی زۆر ئامبوڵانس و تیمی فریاگوزاری و پزیشکیی فریاکەوتنی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و و بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەکاریی تەواو کرا".

هەروەها "ڕێبەر ئەحمەد" وەزیری نێوخۆی هەرێمی کوردستان لەمبارەوە ڕایگەیاند: "ئێمە نازانین ئامانجی دڕۆنەکە چی بووە، دڕۆنەکە لە شوێنێک کەوتووەتە خوارەوە کە هیچ بارەگایەکی لێ نییە و تەنیا  ماشینی خەڵکی سڤیل زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها دەزگا ئەمنییەکانمان ڕاسپاردووە کە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو ڕووداوە بکەن".

لە ماوەکانی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی جیاواز و بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، چەندین جار بە مووشەک و دڕۆن هێرشی کردووەتە سەر هەولێر و هەندێک لە چاوەدێرانی سیاسی پێیان وایە کە هێرشی شەوی ڕابردوو بۆ سەر هەولێر، وڵامی ڕێژیمی ئێرانە بۆ دەرکردنی بڕیارنامەی شورای حوکام.

هەروەها لە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە ١٤ مووشەک کۆنسولخانەی ئامریکا لە هەولێری کردە ئامانج. لەوبارەوە هەواڵدەریی ''فاکس نیووز'' لە زاری بەرپرسێکی ئامریکایی باسی لەوە کردبوو کە ئەو مووشەکانە لە ئێرانەوە بەرەو کۆنسولخانەی ئامریکا هاویشتراون.