کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە فەرمانی خامنەیی یەک میلیارد و نیو دۆلار بۆ کاروباری نیزامی تەرخان دەکرێت

11:18 - 16 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بە فەرمانی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، بڕی یەک میلیارد و نیو دۆلار لە سندووقی گەشەی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی بواری بەرگری هەڵگیراوە.

مەحموود نگهبان سەلامی، ئەندامی کۆمسیۆنی تەلفیقی گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ٩٨، بە هەواڵدەریی ئیسنای ڕاگەیاندووە، کە خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لەگەڵ تەرخانکردنی یەک میلیارد ونیو دۆلار لە پاشکەوتی سندووقی گەشەی نیشتمانی بۆ بواری بەرگریی، ڕەزایەتی خۆی دەربڕیوە.

سندووقی گەشەی نیشتمانی، کە بە سندووقی پاشکەوتی ئەرزیش ناوی لێ دەبەن، لە ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی، بە مەبەستی "گۆڕینەوەی بەشێک لە داهاتەکانی نەوت و گاز و بەرهەمەکانی وزەی نەوت و گاز بۆ سامانی هەرمان، بەرهەمهێنەر و داهاتەکانی بەرهەمی ئابووری و هەروەها پاراستنی پشکی جیلەکانی داهاتوو لە سەرچاوەکانی نەوت و گاز و بەرهەمە نەوتییەکان" دامەزراوە.

پێشتر دەوڵەتی مەحموود ئەحمەدی‌‌نژاد و حەسەن ڕۆحانیش بە کەڵکوەرگرتن لە مادەکانی پەسەندکراوەکانی مەجلیس و ئیزنی خامنەیی، چەندین جار لەم سندووقە بۆ کاروباری جۆراوجۆر کەڵکیان وەرگرتووە.

بوودجەی نیزامیی ڕێژیم لە کاتێکدا زیادی کردووە، کە ئەو ڕێژیمە بە هۆی چالاکیی مووشەکی بالستیکی و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، لە لایەن ئامریکاوە گەمارۆی توندی ئابووری لەسەرە و ئەو پاشکەوتە و بوودجەیەی کە بۆ بواری بەرگریی بەکاری دەهێنێت، ئەگەر بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانی خەڵکی ئێران تەرخانی بکات، ڕەنگە تۆزێک لە گوشارە نێوخۆیییەکانی کەم بێتەوە، بەڵام ئەم ڕێژیمە چون لەسەر بناغەی سەرکوت و زەبر و زەنگ دامەزراوە، هەموو پتانسیل و سامانی ئێران لە بواری نیزامی و بەرگری وەگەڕ دەخات.