کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی نێوان بێلژیک و ئێران، نامەیەک ڕادەستی پارلمانی فێدراڵی ئەو وڵاتە کرا

11:47 - 14 پووشپەڕ 2722

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پرۆژە یاسایەک بە مەبەستی پەسەندکردن لەلایەن دەوڵەتی بێلژیکەوە بۆ پارلمانی فێدراڵی ئەو وڵاتە نێردراوە کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ بخرێتە دەنگدانەوە.

بەپێی ئەو پرۆژە یاسایە دەوڵەتی بێلژیک و ڕێژیمی ئێران ڕێک کەوتوون کە هاووڵاتییانی هەر دوو وڵات لە ئەگەری تووشبوون بە سزای یاسایی، بۆ تێپەڕکردنی ماوەی حوکمەکەیان ڕادەستی وڵاتی خۆیان بکرێنەوە.

بە مەبەستی دژایەتیکردن و هەڵوەشانەوەی ئەو بڕیارە و پێشگرتن لە پەسندکردنی ئەو پرۆژە یاسایە بەشی پەیوەندییە ئێرانییەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بێلژیک بە هاوکاری لەگەڵ کۆمیتەی حیزب لەو وڵاتە ناڕەزایەتییان نیشان دا.

لەو هەڵمەتەدا بەشی پەیوەندییەکانی حیزب و کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بێلژیک بە هاوکاریی دوو هێزی سیاسیی سەراسەریی ئێرانی واتە حیزبی چەپی ئێران "فیدائیانی خەلق" و کۆماریخوازانی سێکۆلار و دێموکراتی ئێران نامەیەکی ناڕەزایەتییان بۆ پارلمانی فێدراڵ نارد.

نامەکە بە دوو زمانی فەڕانسەوی و هۆلەندی نووسراوە و بۆ پارلمانی فێدراڵ و هەندێک لە دامودەزگا کاریگەرەکانی وڵاتی بێلژیک نێردرا و داوای ئەوە کراوە کە ئەو پرۆژە یاسایە پەسەند نەکرێت و هەرچی زووترهەڵبووەشێنرێتەوە.