کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە هۆی گرانیی گۆشت لە ئێراندا، ژیانی ئاژەڵە دەستەمۆنەکراوەکان لە مەترسیدایە

12:33 - 2 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بە هۆی نەزانی و تاڵانکاریی بەرپرسانی ڕێژیم، دۆخی نالەباری ئابووریی ئێران زۆر ئاستەنگە و ئەم دۆخە لەسەر هەموو بوارەکانی ژیانی خەڵک کاریگەریی خراپی داناوە.

"عیسا کەڵانتەر"، بەرپرسی ڕێکخراوی ژینگەی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە: "بە هۆی گرانیی گۆشت، کەسانێک هێرش دەکەنە سەر ژیانی ئاژەڵە کێوی و دەستەمۆنەکراوەکان."

ناوبراو لە بارەی بەئەنقەست ئاگردانی دارستان و لێڕەوارەکانی وڵات وتوویەتی: "ئێمە لەڕادەبەدەر گومانمان لە هەموو شتێک هەیە، لە حاڵێکدا کوشتن و هێرش بۆ سەر ئاژەڵە دەستەمۆنەکراوەکانی ئێران، بە هۆی گرانیی گۆشتە."

"کەڵانتەر" لە بارەی ئاگرتێبەردانی دارستانەکان بەمەبەستی داگیرکردنی زەوییەکانی بە ڕوانگەیەکی نەشیاو و دوور لە زانست زانی و باسی لەوە کردووە کە زۆرترین ئاگرتێبەردانی دارستانەکان تەنیا بە هۆی گرنگینەدان و کەمتەرخەمیی خەڵک لە دارستانەکان و سروشتدا ڕوو دەدەن."

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە درێژەی قسەکانیدا، ئەوەی ڕەت کردووەتەوە کە لە لایەن عەرەبستان و ئیسرائیلەوە، پیلانی هێرشی کوللـە بۆ چەند شاری ئێران داڕێژرابێت و ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ماوەی چل ساڵدا، ٥ جار کوللـە بەو شێوەیە سەریان هەڵداوە و هێرشیان کردووەتە سەر چەند ناوچەی ئێران و هێرشی کوللـەش وەکوو ئاگرتێبەردان ڕووداوێکی سروشتییە.

بەرپرسی ڕێکخراوی ژینگەی ڕێژیم، کە لە ڕوانگەی خۆی و ڕێژیمەکەیەوە باسەکان شی دەکاتەوە، دەیەوێت هەموو نەزانکاری و تاوانەکانی ڕێژیم بخاتە ئەستۆی خەڵک و سروشتەوە و وا نیشان بدات کە ئەگەر لە شوێنێک وەکوو کوردستان ئاگرتێبەردانێک ڕوو دەدات، ئەوە پەیوەندیی بە ڕێژیمەوە نییە.

قسەکانی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، هیچ بارێکی زانستییان نییە و هەموو لە ڕاستای سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمدایە، چون ئەگەر وایە، بۆچی بەو ڕادەیەی کە ئاگرگرتن لە دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان و زاگرۆس ڕوو دەدەن، لە شارە فارسشینەکان یان لە وڵاتانی دیکەی جیهان و ناوچەکە ڕوو نادەن؟