کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا ئابووریی ڕێژیم ڕووی لە خراپتربوونە

13:26 - 6 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ڕیژیمی ئێران و کاریگەرییەکانی، هەر ڕۆژ کارگەیەک لە ئێراندا دادەخرێت، یان کۆمپانیایەکی بیانی پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە دەپسێنێت.

کۆمپانیای لاستیکی خووزستان کە لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاویدا، بە یەکێک لە بەرچاوترین هەناردەکارانی تیوپی ماشین ناسرابوو، بە هۆی نەبوونی مەوادی خاو و پشتگوێخرانی لە لایەن ڕێژیمەوە، کارەکانی ڕاگیران.

ئەو کۆمپانیایە ڕێکەوتی ٣١ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، ٢٠٠ کرێکاری پەیمانیی دەرکرد و گرێبەستەکانیانی نوێ نەکردەوە.

بەپێی راپۆرتی هەندێک لە ماڵپەڕ و ڕاگەیەندنە نێوخۆیییەکانی ئێران، بەرپرسی یەکیەتیی بەرگدوورەکان ڕایگەیاندووە: "بەم زووانە شایەتی داخران و مایەپووچبوونی کارخانەی کاچیران دەبین".

کارخانەی کاچیران ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی و پاش گرێبەستێک لەگەڵ کارخانەی فافی ئاڵمان دەستی بە کار کرد و بڕیاری دابوو تا ببێتە بەهێزترین هەناردەکاری چەرخی بەرگدووری لە هەموو جیهاندا.

چەند ڕۆژ پێشتریش ئارەش موحبی‌نژاد، بەڕێوەبەری یەکیەتیی وێکچوونی پارچەسازیی ماشینی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ڕێژیم باسی لەوە کردبوو، کە بە هۆی کاریگەریی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆسەر کەرتی ماشینسازی، نزیکەی ٧٠ هەزار ماشینی نیوەکارە لە کارخانەکاندا ماونەتەوە.

پاش هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و دووبارە وەگەڕخرانەوەی گەمارۆوەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، سەرەڕای دەیان جۆر قەیران کە داوێنی بازاڕە نێوخۆیییەکانی ئێرانی گرتووەتەوە، هەتاکوو ئێستاش نزیک بە ٢٠٠ کۆمپانیا و دامەزراوەی بیانی کۆتاییان بە چالاکی و پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هێناوە.