کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە وتەی بەرپرسێکی کرماشان، ڤایرۆسی کرونا گەیشتووەتە نزیک سنوورەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات

18:11 - 10 رێبەندان 2719

''ئیبراهیم شەکیبا''، بەرپرسی ناوەندی تەندروستیی پارێزگای کرماشان، ڕایگەیاندووە کە ڤایرۆسی ''کرونا'' لە سنوورەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات نزیک بووەتەوە.

ناوبراو پشتی بەو هەواڵانە بەستووە کە لە هەرێمی کوردستان ئەم ڤایرۆسە بینراوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە وەزارەتی تەندروستیی عێراق سەبارەت بە تۆمارکرانی حاڵەتی تووشبوونی هاووڵاتییان بە ڤایرۆسی کرونا ڕایگەیاندووە، تاکوو ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە. سەرجەم خاڵە سنوورییەکان بنکەی تایبەتیان بۆ دروست کراوە و پشکنین بۆ ئەوانە دەکرێت کە دێنە نێو خاکی عێراق و کوردستانەوە.

ئەم بەرپرسەی ناوەندی تەندروستیی پارێزگای کرماشان، ئامادەیی تیمەکانی تەندروستی بۆ پێشگیری لە هاتنە ژورەوەی ئەم ڤایرۆسەی نیشان داوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم ڤایرۆسە، ناوەندی تەندروستیی ڕێژیم بە مەبەستی پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە لە فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی خومەینی لە تاران، هیچ ڕێوشوێنێکی ستانداردیان لەبەر چاو نەگرتبوو و ئەمە ناڕەزایەتیی زۆری لێکەوتەوە.

ڤایرۆسی کرونا لە شاری ڤوهانی چین سەری هەڵداوە و لە چەندین وڵاتی جیهان بڵاو بووەتەوە و تا ئێستا ١٧٠ کەسی کوشتووە.