کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە وتەی نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم، ٢٥ ملیۆن کەس توانای کڕینی گۆشتیان نییە

17:45 - 6 بەفرانبار 2720

''ڕەحمەتوڵڵا نەوروزی'' ئەندامی کۆمیسۆنی کشاوەرزیی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، شەش دەهەکی کۆمەڵگا، واتە زیاتر لە ٢٥ ملیۆن کەس توانای کڕینی گۆشتیان نییە.

بە وتەی ئەم نوێنەرەی ڕێژیم، کرێکاران، فەرمانبەران و خانەنیشنان لەو توێژەی کۆمەڵگان کە ناتوانن گۆشت بکڕن.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیس، بەکارهێنانی گۆشتی سوور لە ساڵی ٩٨ لەنێوان چینی مامناوەندیی کۆمەڵگا بەنیسبەت ساڵی ٩٥ زیاتر لە ٣٠ لەسەد دابەزیوە.

ئێنیستیتۆی لێکۆڵینەوەی خۆراک و مەوادی خۆراکیش ڕایگەیاندووە، زۆرێک لە بنەماڵەکان بەکارهێنانی گۆشتی سوور و سپی، هێلکە و شیرەمەنییان زۆر کەم کردووەتەوە یان لەسەر سفرەکانیان وەلا ناوە.

کارناسانی ئابووری دەڵێن، لە یەک ساڵی ڕابردووەوە هاوکات لەگەڵ زیادکردنی گەمارۆکان، دابەزینی داهاتی نەوتی، هەڵکشان و داکشانی نرخی دراو و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی کاڵاکان، توانای کڕینی زۆرێک لە بنەماڵەکانی ئێران دابەزیوە و هێڵی هەژاری لە ئێران پەرەی سەندووە.

هەر لەو پێوەندییەدا ناوندی توێژینەوەکانی مەجلیس ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند، نزیکەی ٢٣ هەتا ٤٠ لەسەدی حەشیمەتی ئێران لە ساڵی ٩٧ـەوە چوونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.

هەروەها بەپێی پێشبینییەکانی مەجلیس، لە نیوەی دووەمی ساڵی ٩٩، نزیکەی ٦٠ ملیۆن کەس واتە زیاتر لە دوو لەسەر سێی حەشیمەتی ئێران دەبێ بۆ دابینکردنی خۆراک یارمەتییان بدرێت.