کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە پچڕانی ئینتێرنێت کێشەکان چارەسەر دەکرێن

10:50 - 11 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو باوەڕەدان ئەگەر هێڵی ئینتێرنێت بپچڕێنن کێشەکان چارەسەر دەکرێن.

"غوڵامڕەزا جەلالی" سەرۆکی ڕێکخراوی پەدافەندی غەیری عاملی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، ئەگەر ئێوە دەسپێڕاگەیشتن بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بپچڕێنن دەتوانن پێش بە شەڕ و ئاژاوەکان بگرن.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران جەختی کردووەتەوە، ناڕەزایەتییەکانی خەڵک شەڕ و ئاژاوە دەنێتەوە و ڕێگای پێشگرتن لەو دۆخەش پچڕانی ئینتێرنێتە.

لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەردا، ڕێژیمی ئێران هێڵی ئینتێرنێتی پچڕاند.

ماوەی چەندین ساڵە کە ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت پێش بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بگرێت و لەو پێوەندییەدا، گەڵاڵەی "ئینتێرنێتی میللیـ"ـی هێناوەتە ئاراوە.

 دوای هاتنەسەرکاری "حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیم، لە گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاویدا، کۆنترۆڵی ئینتێرنێت لە ئێراندا بووەتە پرسێکی جیددی و جێگای مشتومڕ لە نێوان بەرپرسانی ڕێژیمدا.

 ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدات ئینتێرنێتی میللی دابمەزرێت و لەو ڕێگایەوە پێش بە بەکارهێنەرانی دنیای مەجازی بگرێت.